ڕێگری لە گەشتیارانی بیانی دەكرێت لە هەرێمەوە بچنە عێراق

:: AM:09:34:21/09/2019 ‌

بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی عێراق، هەر گەشتیارێكی بیانی، ئێرانی یان هەر وڵاتێكی تر، ئەگەر لە هەرێمەوە بچێتە شارەكانی تری عێراق، ڕێی لێ دەگیرێت. ئەوە لە كاتێكدایە سیستمی گومرگی لە نێوان هەرێم و بەغدا یەك خراوە، بۆیە ئەم هەوڵەی عێراق بە كەمكردنەوەی گەشتیار بۆ كوردستان لە قەڵەم دەدرێت.

سۆما هادی هاووڵاتییەكی دانیشتووی مهابادە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئێستە بۆ گەشت لە سلێمانییە، بە"وشە"ـی گوت كە ویستوویەتی بچێتە نەجەف و دواتر سەردانی بەغدا بكات، بەڵام لە بازگەی كەركووك ڕێی لێ گیراوە و پێیان گوتووە بە ڤیزای كوردستان ناتوانی بچیتە شارەكانی عێراقەوە و دەبێ بچیت ڤیزایەكی تری عێراق لێ بدەیت.

سۆما ئەوەیشی خستە ڕوو كە "هەرێمی كوردستان هەر سەربە عێراقە و بە ئێمەیان گوت هەموو ئەو كێشانە چارەسەر كراون، بەڵام جگە لە من، ئەو ڕۆژە نزیكەی ١٠٠ گەشتیاری تریان گەڕاندەوە و نەیانهێشت بچینە پارێزگاكانی تری عێراق."

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە پەرلەمانتارە عێراقییەكانەوە وەریگرتووە، ئەو بڕیارە بۆ سەرجەم خاڵە سنوورییەكانی نێوان هەرێم و شارەكانی عێراق ڕۆیشتووە كە ڕێگری لە هەر بیانییەك بكەن بێتە ناو خاكی عێراق كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەیەوێت گەشت بكات.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، "كەرتی گەشتیاریی لە عێراق زیانی گەورەی بەركەوتووە و ساڵ بە ساڵیش لە كەمبوونەوەدایە، پێ دەچێت ئەو بڕیارە بەتایبەت كاریگەریی بخاتە سەر گەشتیارە ئێرانییەكان كە ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە بچنە پارێزگاكانی عێراق و نەچنە هەرێمی كوردستان".

ئاماژەی دا، "ڕاستە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ماون و ئەوەندەی ئاگاداریش بم هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆیان كردووە، بەڵام دیارە هێشتا نەگەیشتوونەتە بڕیاری یەكلاكەرەوە."

هەرێمی كوردستان ساڵی رابردوو سێ ملیۆن و ٥٧ هەزار و ٦٠٠ گەشتیاری هەبووە، بەڵام لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا ڕێژەكە بۆ سێ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار گەشتیار بەرز بووەتەوە و پێشبینی دەكرێ تا كۆتایی ساڵ چوار ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

لە عێراق ساڵی رابردوو چوار ملیۆن گەشتیار سەردانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووریان كردووە و زیاتر لە سێ ملیۆنیشی ئەو گەشتیارانە بوون كە سەردانی مەزارگە ئاینییەكانی شیعەیان كردووە. 

ئەگەرچی ئاماری ئەمساڵی گەشتیاریی عێراق ڕانەگەیەنراوە، بەڵام پێشبینیی كەمبوونەوەی ئەو ڕێژە گەشتیارە دەكرێت، بەوەش هەرێم ڕێژەی سەردانكەرانی زیاتر دەبێت لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق.

شێخ یادگار بەڕێوەبەری نشینگەی هەرێم بە"وشە"ـی راگەیاند، "بەداخەوە ئەو كێشەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر نەكراوە، بازگەكانی عێراق ڕێ بە هیچ گەشتیارێكی بیانی نادەن بە ڤیزای هەرێم و لە كوردستانەوە سەردانی ناوچەكانی تری عێراق بكات."
دووپاتی كردەوە، "وەزیری ناوخۆی هەرێم و عێراق لەسەر ئەو پرسە گەیشتوونەتە ڕێككەوتن و كۆتایی هاتووە، ماوەتەوە وردەكاریی دەركردنی بڕیار و ڕێنوێنی پێویست و لەمەودوا ئەو كێشەیە كۆتایی پێ دێت."

كەرتی گەشتیاریی لە هەرێم ساڵ بە ساڵ ڕووی لە زیادبوونە و هەرێمیش پلانی هەیە ئەو كەرتە ببووژێنێتەوە. نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێ، "ڕێژەی گەشتیار لەچاو ساڵی ٢٠٠٧ بە ڕێژەی ٨٨% زیادی كردووە، پلان و بەرنامەی ستراتیجی هەیە كە بواری گەشتیاری لە هەرێم پەرەی پێ بدرێت".

بەگوتەی نادر، "وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتوگوزاردا گەیشتووەتە شەش ملیار و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار."

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال



وشە - وشه‌

ئه‌م بابه‌ته 206 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌