پێنتاگۆن سەرجەم بژاردەكانی هەڵویست وەرگرتن بەرانبەر ئێران رادەستی ترەمپ دەكات و یەكێك لەو بژاردانەش ئەوەیە لە رێی ئاسمانییەوە كۆمەڵێك بنكە و دامەزراوەی ئێران بكرێنە ئامانج.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە شەوی رابردوو بەرپرسانی پێنتاگۆن بەڕێوەیان برد، كۆمەڵێك بژاردەیان خستووەتەڕوو كە یەكێك لەوانە دیاریكردنی كۆمەڵێك ئامانجە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و هاوكات هۆشداریشیان داوە لەوانەیە ئەم جۆرە هێرشە بە جەنگ كۆتاییان پێ بێت.
بڕیاردان لەسەر هەر جۆرە هەڵبژاردنێك بۆ وڵامدانەوەی ئێران رەنگە بەو بەڵگانە گرێ درابێت كە ئاماژە بە هێرشتی ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە دەكەن.
لەوانەیە هەڵویستی ئەمەریكا كۆمەڵێك بواری سیاسی، ئابووری و تەنانەت سەربازیش بگرێتەوە و لە رێی ئاسمانییەوە كۆمەڵێك بنكەی ئێران بكرێنە ئامانج.
بەگوێرەی "
یۆرۆنیوز" ئەگەری ئەوەش هەیە ئەمەریكا پشتیوانی زیاتری سعوودیە بكات و چەكی زیاتر و پێشكەوتووتر بخاتە خزمەتی ئەو وڵاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ بەرگری لە خۆی بكات.
جۆزێف دانفۆرد سەرۆكی ئەركانی گشتی سوپای ئەمەریكا گوتوویەتی سەرۆك ترەمپ خوازیاری ئەوە بووە كۆمەڵیك بژاردەی بخرێتە بەردەم، بەڵام فەرمانی هەر جۆرە هێرشێك بۆ سەر ئێران لە لایەن سوپاوە دەرناچێت.
ئێران رەتی كردووەتەوە دەستی لە هێرشەكان بۆ سەر سعوودیە هەبێت و باسی لەوەش كردووە هێرشی بكرێتە سەر، ئەوا بە توندی وڵام دەداتەوە.