له‌سه‌ر كه‌یسی سێوان قادر دادگای چه‌مچه‌ماڵ سێ جار بانگهێشتی به‌ڕێوه‌به‌ری
پۆلیسی به‌ڵگه و تاوانی سلێمانی كردووه، به‌ڵام وەڵامی داواکەیان نەداوەتەوە و
دادگای سلێمانیش ده‌ڵێت، بانگهێشتی دادگای تاوانی ده‌كه‌ین.
پۆلیسی به‌ڵگه‌و تاوانی سلێمانی له كه‌یسی سووتانی سێوان قادر و سێ
منداڵه‌كه‌ی له راپۆرتێكدا بێتاوانی هاوسه‌ری سێوانی له‌و رووداوه نیشاندابوو،
له به‌رانبه‌ر ئه‌و راپۆرته‌دا كه ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی به‌ڵگه و تاوان نییه،
دادگای چه‌مچه‌ماڵ سێ جار به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی به‌ڵگه و تاوانی سلێمانی بانگهێشت
كردووه بۆ لێپرسینه‌وه، به‌ڵام ئاماده‌نیه بچێته به‌رده‌م دادگا.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 22ی ئەیلوول، عومه‌ر ئه‌حمه‌د گوته‌بێژی دادگای سلێمانی
به "وشه"ی راگه‌یاند، ناكرێت له ڕێگه‌ی سۆشیال میدیا‌وه هاووڵاتی
سزا بدرێت و سزای به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت، هه‌ر كه‌سە و به ویستی خۆی كه‌سێك بكات
به تاوانبار و یه‌كێكیش بێ‌تاوان بناسێنێت، تۆمه‌تباریش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه گفتوگۆی
به‌ڵگه‌كان بكات.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی دادگا ده‌كرێن و
ئه‌نجام ده‌درێن سه‌رجه‌میان پێچه‌وانه‌ی یاسان و زیانێكی گه‌وره‌ش له كه‌یسه‌كه
ده‌دات، كه‌سێك كه ڕه‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت به چه‌ند دانیشتنێكی دادگا دۆسیه‌كه‌ی
یه‌كلا ده‌كرێته‌وه، ناكرێت هیچكام له‌و دوو لایه‌نه هیچ شتێك له‌سه‌ر به‌ڵگه‌كانیان
باس بكه‌ن تا كاتی دادگا.
"دادگای تاوانه‌كانی سلێمانی تایبه‌ته به‌و دۆسیەیە، له هه‌ركوێ
پێویستی كرد به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی به‌ڵگه و تاوان بانگهێشتی دادگا ده‌كرێت، تا ئێستا
هیچ دانیشتنێكی ئه‌و دۆسیه‌یە نه‌كراوه، كه‌سێك كه تاوانی كوشتنی ده‌خرێته پاڵ
ناكرێت هه‌روا حوكم بدرێت" عومەر ئەحمەد وای گوت.
کەسوکاری سێوان قادر دەڵێن، پۆلیسی به‌ڵگه‌و تاوانی سلێمانی سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه‌ی سێ هه‌فته دوای رووداوی سوتانه‌كه‌ی چووه‌ته ناو ماڵی سێوان، به‌ڵام له
راپۆرته‌كه‌دا به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ دادگا بڕیاری له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه داوه كه ئه‌وه
كاری پۆلیسی به‌ڵگه و تاوان نییه.
بنار عادل نادر، پارێزه‌رێكی سێوان قادر و سێ منداڵه‌كه‌ی بۆ
"وشە" ئاشکرای دەکات، لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌كه سه‌ره‌تا له دادگای
چه‌مچه‌ماڵ بوو و دواتر له‌سه‌ر داوای پارێزه‌ر و كه‌سوكاری سێوان رەوانەی سلێمانی
کرا.
دووپاتی دەکاتەوە، دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاریدا ئه‌و دۆسیه‌یە بێته
دادگای یه‌كی سلێمانی، سێ جار به‌ڵگه و تاوانی سلێمانی بۆ شایەت بانگهێشتكراون له
لایه‌ن دادگای چه‌مچه‌ماڵ، لهباره‌ی راپۆرته‌كه‌یان كه "دیار"ی هاوسه‌ری
سێوانی بێ‌تاوان ناساندبوو، به‌ڵام نه‌هاتونه‌ته به‌رده‌م دادگا.
پاریزەری کەیسەکەی سێوان ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له
دادگای تاوانەکان نوێنه‌ر یان لیژنه یان به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی به‌ڵگه و تاوان
بانگهێشتی دادگا بكرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی