بەهۆی ململانێی عەشایەرییەوە 553 كەس لە بەسرە دەبنە قوربانی

:: PM:04:07:22/09/2019 ‌
بەهۆی ململانێی عەشایەرییەوە لە ماوەی شەش مانگی رابردوو، 550 كەس لە بەسرە بوونەتە قوربانی. دەستەی ئاماری بەسرە رای گەیاند، لەم ژمارەیە 113 كوژراو و 440 بریندار هەیە. سەرچاوەیەك دەڵێ، حكوومەت هەوڵی زۆری داوە بۆ كۆتاهێنان بەو كێشانە، بەڵام هەوڵەكانی شكستی هێناوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئەیلوول، سەرچاوەیەكی خۆجێی لە پارێزگای بەسرە ئاشكرای كرد كە زیاتر لە 550 كەس بەهۆی ململانێی عەشایەرییەوە لە ماوەی شەش مانگی رابردوو بوونەتە قوربانی.

ئەو سەرچاوەیە بە "سۆمەریە نیوز"ـی راگەیاندوو، 113 كەس بەهۆی ململانێی نێوان عەشیرەتە دەستڕۆیشتووەكانی شارەكە لە ماوەی یەكی مانگی كانوونی دووەم تا 31ـی حوزەیرانی ئەمساڵ كوژراون، هاوكات 440 كەسی تریش بریندار بوونە.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئەوانەی كوژراون یان بریندار بوون، ئەوانەن كە لەلایەن ململانێكارەكان بووینە یان ئەوانەن وەك ناوبژی چوونەتە ناو بارگرژییە عەشایەرییەكان، گوتی "تەنانەت زیانی مادیش بەر دامەزراوە گشتییەكان و تایبەتەكان كەوتوون"، زیاتر گوتی "حكوومەتی خۆجێی هەوڵی زۆری داوە كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكات، بەڵام هەوڵەكان بێ سوود بووە". 
 
 جێی باسە عەشایەرەكانی بەسرە لە رووی چەك و كەلوپەلەوە زۆر لە هێزی پۆلیسی فیدڕاڵی و پۆلیسی خۆجێی و سوپاش پڕچەكترن، زۆرجاریش لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس بووەتە شەڕ و بەرەنگاری یەكتری بوونەتەوە، بەڵام حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی خۆجێی لەو شارە بەرانبەر بە دەسەڵاتی هۆز و عەشیرەكان، دەستەوەستانە و هیچ پێ ناكرێت.


وشە - فه‌رمان سادق