ئەبو مەهدی موهەندیس پۆستێكی باڵای پێ دەدرێت

:: PM:07:33:22/09/2019 ‌

دوای بڕیاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ رێكخستنەوەی پەیكەری هێزەكانی حەشدی شەعبی، رێكخستنە نوێیەكەی ئەو هێزانە پۆستی جێگری سەرپەرشتیاری تیادا نییە، بۆیە بەهۆی بەهێزی پێگەی ئەبو مەهدی موهەندیس لەناو حەشدی شەعبی و نزیكی لە ئێرانەوە بۆستێكی باڵای پێ دەدرێت.

كەریم محەمەداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری هێزەكانی حەشدی شەعبی لە رێكخستنەوەی نوێی پەیكەری ئەو هێزانە پۆستی سوپاسالاری حەشدی شەعبی پێ دەدرێت و ئەو پۆستەیش جیهادییە و شایەنی موهەندیسە.

زیاتر گوتی، موهەندیس حەز بە وەرگرتنی پۆستی كارگێڕی ناكات و كار و ئەركی سەربازی و جیهادی لا گونجاوترە، روونی كردەوە ئەو كەسێكە باكی بە پۆست نییە و هەوڵی گەیشتن بە ئاشتی لە سەرانسەری وڵات دەدات.

دوێنێ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانێكی نوێی دەركرد كە پێوەندی بە رێكخستنەوەی پەیكەری ئەنجوومەنی حەشدی شەعبییەوە هەیە، ئەم فەرمانەیش دوای سێ مانگی لە دەركردنی فەرمانێكی تر دێت كە ئەویش بە مەبەستی رێكخستنەوە و تێكەڵكردنی حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزەكانی تری عێراق دەركرابوو.

بەگوێرەی فەرمانە نوێیەكە رەزامەندی لەسەر پێكهاتەیەكی رێكخستنی نوێ دەدرێت كە تایبەت دەبێت بە ئەنجوومەنی حەشدی شەعبی، هەروەها سەرجەم ناونیشان و پۆستەكانی پێشوو رەت دەكرێنەوە كە لەگەڵ ئەم پێكهاتە نوێیە یەك ناگرنەوە. سەرەڕای ئەم دوو گۆڕانكارییەیش كۆمەڵێك دەسەڵاتی تر بە سەرۆكی ئەنجوومەنی حەشد دەدرێت لەوانە دانانی بەرپرسان و بەڕێوەبەرەكانی حەشد بە وەكالەت، ئەمەیش دوای ئەوەی ناوەكان دەخرێنە بەردەم سەرۆك وەزیران بۆ پەسەندكردنیان یان رەتكردنەوەیان.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل