فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ترس دەخاتە دڵی حەشدی شەعبییەوە

:: PM:08:51:22/09/2019 ‌

كردنە ئامانجی سەربازگە و بارەگاكانی میلشیاكانی حەشدی شەعبی بەردەوامە و بەو هۆیەوە میلیشیاكان چەكە قورسەكانیان بۆ پارێزگاریكردن لەسەربازگە و بارەگانیان دەگوازنەوە.

هیوا رەشید بەرپرسی لیژنەی ناوچەی داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ خۆپاراستن لە كردنە ئامانجیان لەلایەن فرۆِكە بێ فرۆكەوانەكانەوە، میلیشیاكان چەكی قورسیان هێناوەتە سەربازگە و بارەگاكانیان لە سنووری داقووق.

زیاتر گوتی، چەند رۆژێكە میلیشیاكان لە گواستنەوەی چەكە قورسەكانیان بەردەوامن. هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، جگە لە داقووق بۆ زۆر شوێنی تر كە بارەگای لێ بووە چەكی قورسی خۆیان گواستووەتەوە و لە حاڵەتی ئاگاداركردنەوەی بەردەوامدان.

هاوكات ئەبومونتەزر فەرماندەی حەشدی شەعبی لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دیالە بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە هێزەكانیان لەو پەڕی ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامی هەر هێرشێكی فرۆكە بێ فرۆكەوانەكان.

ماوەی دوو مانگە كردنە ئامانجی سەربازگە و بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەلایەن فرۆكەی بێ فرۆكەوانەوە بەردەوامی هەیە و زیاتر لە جارێكیش ئیسرائیل ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی خستووەتە ئەستۆی خۆی.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی 
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم