له فیلمه بیانییه‌كانه‌وه ئۆفه‌ری به‌شداری له گرته‌ی وروژێنه‌ر یان نیمچه‌رووتم بۆ هاتووه ره‌تم كردووه‌ته‌وه
نارین ئالان /28 ساڵ/ له‌دایكبووی سلێمانییه و ئێسته له دوبه‌ی ده‌ژی، ده‌رچووی به‌شی بازرگانی و به‌ڕێوه‌بردنه. ئه‌و له فیلمی سینه‌مایی "په‌یكه‌ری دڵ" له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند هه‌ڵوێست محه‌مه‌د ڕۆڵی سه‌ره‌كی بینی و فیلمه‌كه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری دروست كرد.
نارین له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێ، یه‌كێك له خه‌ونه‌كانی ئه‌وه‌بوو له فیلمێكی سینه‌مایی كوردی كار بكات و ئه‌و خه‌ونه‌ی هاته دی.
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریت بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ساڵی 2018 به‌شداریم له هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان كرد له هه‌ولێر، به‌ڵام وه‌ك ئه‌كته‌ر بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 2019 ده‌ركه‌وتم، ئه‌ویش به‌شداریكردنم بوو له فیلمی سینه‌مایی كوردی "په‌یكه‌ری دڵ" كه بۆ من ئه‌زموونێكی نوێ بوو، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆڵه‌ی بینیم و لۆكه‌یشنه‌كه و چوارده‌ورم و ته‌نانه‌ت خواردنه‌كانیش بۆ من شتێكی تازه بوون. له‌م فیلمه‌دا زۆر چێژم بینی و زۆر شتی لێ فێر بووم.
تا چه‌ند له‌و ڕۆڵه‌ی خۆت ڕازی بووی؟
هه‌رچه‌نده "په‌یكه‌ری دڵ" سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریم بوو له بواری نواندن، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م ئه‌زموونم بوو، به‌ڵام 100% له‌و ڕۆڵه‌ی بینیم لێی ڕازی بووم و توانیم به سه‌ركه‌وتوویی كاره‌كانم ئه‌نجام بده‌م.
دوای نمایشكردنی فیلمه‌كه كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك چۆن بوو؟
سه‌ره‌تا زۆر له‌وه ده‌ترسام خه‌ڵك كۆمێنتی خراپ و نه‌شیاویان هه‌بێت له‌سه‌ر فیلمه‌كه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه كاتێك فیلمه‌كه له سینه‌ماكانی كوردستان پێشان درا، به پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌كه‌م پێشوازییه‌كی زۆری لێ كرا و كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه زۆر ئه‌رێنی بوو له‌سه‌ری. هه‌روه‌ها له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری به دوای خۆیدا هێنا، ئه‌وه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵی بوو بۆ یه‌كه‌م جار بوو فیلمێكی سینه‌مایی كوردی به‌و فراوانییه له‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه پێشوازی لێ بكرێ.
چۆن تۆ ده‌ستنیشان كرای بۆ په‌یكه‌ری دڵ؟
ئه‌وه یه‌كه‌م جارم بوو، ئه‌ویش دوای ئه‌وه هات كه له ئینستاگرامه‌وه پێیان گوتم به‌شداری ئه‌و فیلمه بكه‌م، من سه‌ره‌تا ڕه‌تم كرده‌وه، چونكه وامزانی ده‌یانه‌وێ وه‌ك ئه‌كته‌ر له ڤیدیۆ كلیپێك به‌شداری بكه‌م، به‌ڵام دواتر پێیان گوتم شتێكی گه‌وره‌تره له كلیپ، منیش گوتم باشه و با دابنیشین و قسه‌ی زیاتری له‌باره‌وه بكه‌ین، دوای ئه‌وه‌ی زیاتر چووینه ناو ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، زۆرم پێ‌خۆش‌بوو، چونكه به بڕوای من خزمه‌تێكه و باشترین ڕێیه خۆم بناسێنم به خه‌ڵكی كوردستان.
دوای به‌شداریكردنت له‌م فیلمه، بڕیارت داوه به‌شداری كاری تری نواندن بكه‌یت؟
بێگومان نیازم هه‌یه به‌شداری فیلمی تر بكه‌م، ئێسته پڕۆژه‌ی ترم له‌به‌رده‌ستدایه و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م.
بیرت له‌وه كردبووه‌وه ببیت به ئه‌كته‌ر یاخۆ ئه‌ستێره‌ی سینه‌ما؟
پێشتر بیرم له‌وه كردووه‌ته‌وه و خه‌ونیشم به‌وه ده‌بینی ڕۆژێك له ڕۆژان ببم به ئه‌ستێره‌یه‌كی دیار و به‌ناوبانگی سینه‌ما و له فیلمه‌كانی هۆلیوود به‌شداری بكه‌م، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتم له هۆلیوود چۆن كار ده‌كرێ، جارێ له مێشكم ده‌رمكردووه، هه‌روه‌ها ئێسته ده‌مه‌وێ وه‌ك كچه كوردێك ده‌ربكه‌وم و گرنگی به خۆم و تواناكانی خۆم بده‌م.
مادام ئه‌و خه‌ونه سینه‌ماییه‌ت هه‌بووه، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌رانه‌وه داوات لێ بكرێ رۆڵێكی ورووژێنه‌ر ئه‌نجام بده‌ی، ئاماده‌ی؟
پێشتر له فیلمه بیانییه‌كان ئۆفه‌ری له‌م جۆره‌م بۆ هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری پڕۆژه یاخۆ فیلمی له‌م جۆره بكه‌م، به مانایه‌كی تر له پڕۆژه‌كانیان قبووڵی ئه‌وه بكه‌م به‌شێوه‌یه‌كی ڕووت یاخۆ نیمچه‌ڕووت یان له گرته‌یه‌كی ورووژێنه‌ر به‌شدارییان له‌گه‌ڵدا بكه‌م، به‌ڵام ئه‌و جۆره داواكارییانه‌م ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه و هه‌رگیز قبووڵی ناكه‌م.
ساڵی 2018 وه‌ك پێشكه‌شكاری فێستیڤاڵی "هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان" له هه‌ولێر به‌شداریت كرد، ئایا ئه‌مساڵیش به‌شداری ده‌كه‌ی؟
جارێ نازانم بۆ ئه‌مساڵ به‌شداری له هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان له هه‌ولێر ده‌كه‌م یان نا، ئه‌گه‌ر كاتم هه‌بێ و ده‌رفه‌ته‌كه بڕه‌خسێ، به‌شداری له فێستیڤاڵه‌كه‌دا ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر كات و ده‌رفه‌تیشم نه‌بێ، بێگومان ناتوانم به‌شداری تێدا بكه‌م.
دوا ئامانجت چییه؟
یه‌كێك له خه‌ون و ئامانجه‌كانم ئه‌وه‌بوو له فیلمێكی سینه‌مایی كوردی كار بكه‌م و ڕۆڵی خۆم وه‌ك كچه كوردێك تێدا ببینم، به خۆشحاڵییه‌وه ئه‌وه‌م هێنایه دی.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌ما
ل