دیوە شاراوەكەی سەردانی عەبدولمەهدی بۆ چین

:: PM:08:51:29/09/2019 ‌

لە سایەی ئەو دارووخانەی دۆخی ئابووری و بڵاوبوونەوەی بێكارییەكی گەورە و كورتهێنان و هەڵاوسان لە عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 19ی ئەم مانگەدا سەردانی چینی كرد وەك هەوڵێك بۆ بووژاندنەوەی دۆخی ئابووری عێراق، وەك بەیاننامە و بەرپرسانی حكوومەتەكەی باسی دەكەن، هەواڵەكان باسی گرێبەستێكی 10 ملیار دۆلاریان كردووە و كۆمپانیاكانی چینی بێن عێراق ئاوەدان بكەنەوە لە بەرانبەر قەرز نا، بەڵكو لە بەرانبەر نەوت، واتە نەوت لە بەرانبەر ئاوەدانكردنەوە، بەڵام دیوی شاراوە و خوێندنەوەی شارەزایان بۆ ئەو سەردانە چییە؟

دوای سەردانەكەی بۆ چین راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە لە سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ چین رێككەوتننێكی چوارچێوەی دارایی تا سنووری 10 ملیار دۆلاری ئەمەریكی لەبارەی پڕۆژەكانی رێگەوبان و ئاوەڕۆ و هیڵی ئاسنین و بەندەرەكان و شارە پیشەسازییەكان ساز كراوە.

عەبدولحوسێن هنین، روونی كردەوە، خاڵی سەرەكیی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ چین سازكردنی رێككەوتنێكی چوارچێوەی دارایی بوو بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژەكانی تایبەت بە ژێرخان بەتایبەتی پڕۆژەكانی رێگەوبان و ئاوەڕۆ و ئاو و كارەبا و دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە هیڵی ئاسنین و بەندەرەكان و شارە پیشەسازییەكان.

ئاماژەی كرد، ئەو رێككەوتننە چوارچێوەییە لە نێوان وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی عێراقی و دامەزراوەی پاڵپشتیكردنی هەناردەكاری و بیمەیی چینی كراوە تا سنووری تێچووی دارایی 10 ملیار دۆلار، ئاماژەی كرد، رێككەوتننەكە لە رێگەی گرێنتی حسێبكردنی نەوتی عێراقەوەیە وەك بلۆكی زێڕ وەك مسۆگەرییەك بۆ كۆمپانیاكانی چینی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان نەوەك حسێبكردنی وەك قەرز.

ئەو راوێژكارەی سەرۆك وەزیرانی عێراق روونی كردەوە كە رێككەوتنەكە تەواوكردنی پڕۆژەكان بە چاودێری تایبەت لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق و هاوتا چینییەكەی لەخۆ دەگرێت، شایەنی باسە بەم دواییە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هاوەڵی 55 بەرپرس و وەزیر و پارێزگار بۆ ماوەی پێنج رۆژ سەردانی چینی كرد كە بە دووەم گەورە هێزی ئابووری دنیا دادەنرێت.  

بەپێی زانیارییەكان لەو سەردانە هەشت رێككەوتن واژوو كراوە لە كەرتە جیاجیاكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و رێگەوبان و نیشتەجێكردن و هێڵی شەمەندەفەر و كەرتی وزە، مەبەستی سەرەكیش راكێشانی كۆمپانیاكانی چینە بۆ عێراق ، لەو كاتەی ئێستە ئاستی ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دەگاتە 30 ملیار دۆلار و ئێستە چین رۆژانە 800 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراق دەكڕێت و دەیەوێ بۆ ملیۆنێك بەرزی بكاتەوە. 

ئیحسان عوبێدی، شارەزای ئابووری لەبارەی سەردانەكە دەڵێت، سەردانی شاندی حكوومەتی عێراق بۆ چین بەو قەبارە گەورە،  لەگەڵ دۆخی سیاسی و ئابووری وڵات ناگونجێت، بەتایبەتی سەردانێكی دوورودرێژ، ئەوەش مشتومڕی لەبارەی ئەو سەردانە دروست كرد ئەو گەشتە گەشتیارییە و ئابوورییە بوو بۆ چەند ناوچەیەكی چین وەك بڵێی ئەندامانی ئەو شاندە پێشتر سەردانی وڵاتانی دەرەوەی نەكردبێت و چاویان بەو جۆرە گەشەسەندنە لە وڵاتان نەكەوتبێت، بۆیە سەردانەكە بەپێی شارەزایانی ئابووری شكستی هێناوە لە راكێشانی وەبەرهێنان بۆ عێراق. 

عوبێدی روونی كردەوە، ئەو یاداشتانەی لێكگەیشتن و رێككەوتننانەی لەگەڵ چین كراون تەنیا رێككەوتنن نەوەك گرێبەست، بۆیە بۆ لایەنی چینی پابەندی تیادا نییە و مانای ئەوە نییە كە كۆمپانیاكانی چین پابەندی ئەوە دەبن كە بەڵێنی جێبەجێكردنیان داوە لە سایەی نەبوونی گرێبەستێكی فەرمی لە نێوان هەردوولا، ئاماژەی كرد، لە سیاسەت و ئابووریدا یاداشتی لێكگەیشتن تەنیا دەستپێشخەرین بۆ هاندانی كاركردن لە نێوان دوولایەن و پابەندی پێوەی تیادا نییە.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، ئەگەر نیازی راستەقینە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان لەگەڵ ژین هەبووبێت، دەبوایە حكوومەت بودجەی دیاریكراوی لە بودجەی عێراق لە 2020 بۆ تەرخان بكردایە، چونكە راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی پێویست بە بوونی زەوینەی گونجاو دەكات بۆ كاركردن لەناو عێراق لەوانە لابردنی زیادەڕۆیی و دەركردنی یاسای نوێ و هەموواركردنی ئەو یاسایانەی وەبەرهێنان كە ئێستە هەن و ناتوانێت زەوی بۆ وەبەرهێنەری ناوخۆیی دابین بكات، ئەی چۆن كۆمپانیا و وەبەرهێنەری دەرەكی.

محەمەد عەزیز، شارەزای سیاسی لەوبارەوە دەڵێت، سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ چین سەركەوتوو نەبوو، زۆرینەی سەرانی دنیا لەكاتی بوونی كێشەی تەناهی لە ناوچەكانیان گەشتەكانیان هەڵدەوەشێننەوە، كەچی عەبدولمەهدی لە سایەی دۆخی ئاڵۆزبووی ناوچەكە سەردانی چینی كرد، دواتر سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا مایەی نیگەرانی بوو كاتێك جەنگێكی سەختی بازرگانی لەنێوان واشنتن و پەكین هەیە و ئەمەریكا چاوی لەوەیە كۆمپانیاكانی لە عێراق كار بكەن. بۆیە سەردانەكەی عەبدولمەهدی لە وەڵامی دواخستنی چەندجارەی سەردانەكانیەتی بۆ واشنتن و بەوە ویستی پەیامێك بگەیەنێتە كۆشكی سپی بەوەی شوێنگرەوەیان بۆ واشنتن هەیە، كەچی بەرژەوەندی ئێستەی عێراق لەوەدایە نابێت دەمارگیری واشنتن بكرێت كە بنكەی سەربازی و رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی لەگەڵ عێراق هەیە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل