نرخی كارتی مۆبایل كەم دەكرێتەوە

:: AM:10:57:02/10/2019 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، نووسراوێكی فەرمییان ئاراستەی حكوومەتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی نرخی كارتی مۆبایل كەم بكرێتەوە و ئەوانیش پشتگیری داواكارییەكەیان كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی تشرینی یەكەم، ئومێد محەمەد ساڵح گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان   بە "وشە"ی راگەیاند، نووسراوێكی فەرمیمان ئاراستەی حكوومەتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی نرخی كارتی مۆبایل كەم بكرێتەوە كە له ‌ماوەی ڕابردوو بەهۆی خراپی بواری ئابووری 10% زیاد كرابوو و له ‌پڕۆژەیاسای بودجەش جێگیر كرابوو، بەڵام ئێستە دۆخی ئابووری عێراق باشە و پێویست بەوە ناكات نرخەكە بەو شێوەیە بەرز بێت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، شاندێكی وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی عێراق لە هەرێمی كوردستان بوون، ئەوانیش پشتگیری لە داواكاری ئێمە دەكەن، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت له ‌پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی داهاتوو ئەو بڕیارە بدرێت و نرخی كارتی مۆبایل كەم بكرێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دووپاتی دەكاتەوە، ئەو بڕیارە هەرسێ كۆمپانیای پێوەندی كۆڕەك و زێن و ئاسیاسێل دەگرێتەوە، بۆ نموونە نرخی كارتێكی پێنج هەزار دیناری پێشتر بە پێنج هەزار بووە، دوای تەنگژەكە كرایە شەش هەزار دینار، بەڵام سەرلەنوێ دەبێتەوە‌ پێنج هەزار دینار و هیچی زیادەی ناخرێته ‌سەر و وەك خۆی لێ دێتەوە، ئەمەش له ‌بەرژەوەندی خەڵكدایە.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم


وشە - هیدایه‌ت جان