بە پیلان خەڵكی سلێمانی دەخرێنە دڵەڕاوكێوە

:: PM:09:06:03/10/2019 ‌
ماوەی چەند هەفتەیەكە لەلایەن بەرپرسی حزبەكانی سلێمانییەوە بە لێدوان و كاری جۆراوجۆر، خەڵكی شارەكە دەخەنە دڵەڕاوكێوە و لەلایەن چەند بەرپرسێكی یەكێتی باسی گۆڕانكاری لەناكاو و لە لایەكی تریشەوە باسی خۆپێشاندان دەكرێ‌.

دوای سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی بۆ بەغدا و گەڕانەوەی بەدەستبەتاڵی، ئێستە بەتەواوی كەوتووەتە لێدوان دان بۆ گۆڕانكاری لەناكاو ئەوەیش ترسی خستووەتە دڵی خەڵكی شاری سلێمانی. جیا لەوە لەو ماوەیەدا چەند بەرپرسێكی تری یەكێتی چەندان وێنەی دژە تیرۆری حزبەكەیان و خەڵاتكردنی چەند كەسێكیان بڵاو كردەوە.
هاووڵاتییەك: پێویستە سیاسییەكان نەبنە هۆی تێكدانی ژیانی خەڵكی سلێمانی
ئێستەیش كە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە عێراق دروستبووە، چەند كەسێكی سلێمانی هەوڵی هەندانی خەڵك دەدەن بۆ خۆپێشاندان، بەڵام وەك هاووڵاتییەك ئاماژەی بۆ دەكات، ئەو سەردەمە بەسەرچووە كە بەقسەی حزبێك یان كەسێك خەڵكی سلێمانی خۆپێشاندان بكەن.

بەكر عەلی هاووڵاتییەكی شاری سلێمانییە و بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەكرد، كە بەهۆی چەند كردارێكی بەرپرسانی یەكێتی و قسەی هەندێك لە كەسە خاوەن ڕاگەیاندنەكانی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان خەڵكی ئەو شارە كەوتوونەتە دڵە ڕاوكێ‌ و بازاڕ و كار بەتەواوی وەستاوە.

ڕوونیشی كردەوە كە پێویستە ئەوانەی لەو شارە دەژین شارەكەیان خۆشبوێت و چیتر نەبنە هۆی تێكدانی ژیانی خەڵكی و دڵەڕاوكێ‌ بڵاو نەكەنەوە بەتایبەت ئەوانەی پێیان وایە سیاسین و خەڵكی شارەكەن.

پەرلەمانتارێكی گۆڕان: هەولێر چەقی حومڕانی كوردستانە و پێویستە سلێمانیش خزمەت بكرێ‌
لەلایەكی ترەوە یاسین خدر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕِان لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە كە ئەو قسانەی بافڵ تاڵەبانی بڵاوی دەكاتەوە بۆ دروستكردنی دڵەڕاوكێیە لەناو خەڵكی شارەكەدا و هاندانێكە دژی حكومڕانی كوردستان.

ئەو پەرلەمانتارە بۆ "وشە" گوتی، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرژەوەندیان لەوە زیاترە كە لەسەر لێدوانی كەسێك یان هەوڵدانێك بۆ هاندانی خۆپێشاندان بەرژەوەندییەكانیان تێك بدەن.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، هەولێر چەقی حومڕانی كوردستانە و وڵاتان مامەڵە لەگەڵ ئەوێ‌ دەكەن، بەڵام ئەوەیش مانای ئازاردانی خەڵكی سلێمانی نییە و پێویستە ئەو سنوورە باشتر خزمەت بكرێ‌.

مامۆستایەكی زانكۆ: ئەوانەی خاوەنی كەناڵی میدیان هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدەن
لەیەكی ترەوە نەزاكەت  سەعید مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، هەر پشێوی و نائارامییەكی ئابووری و سیاسی بێتە وڵاتەوە راستەوخۆ دوودڵی و نائارامی لە دڵی هاووڵاتییاندا درووست دەكات بەتایبەتیش هاووڵاتیی ئێمە كە بەشێكی زۆری مێژووی ژیانی لە ململانێ سیاسییەكان و تەنگژە و ماڵوێرانییدا بردووەتەسەر.

ڕوونیشی كردەوە كە بەشێك لەو لایەنانەی كە دەبنە بەشێك لە ململانێكان خاوەنی چەندان كەناڵی میدیایین، كە لەو كەناڵانەوە پەیامەكانیان دەدەن بەگوێی هاووڵاتییاندا، هاووڵاتیش بەمە نەك بێتاقەت دەبێت، بەڵكو پلان و بەرنامەی ژیان و داهاتووشی تووشی كێشە دەبێت و دەوەستێت ناتوانێت جێبەجێیان بكات.

" لایەنە ناكۆكەكان دواجار بە هەرجۆرێك بێت رێككەوتن دەكەن و ناكۆكییەكانیان كۆتایی پێدەهێنن، بەڵام ئەو ئاسەوارە نێگەتیڤەی لەناو كۆمەڵگەو دڵی هاووڵاتیان جێی دەهێڵن وەك خۆی دەمێنێتەوە" نەزاكەت وای گوت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم