ئومێد جاف ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی هاوپەیمانی: هەڵبژاردنی كەركووك بۆ كورد مەترسیدارە

:: AM:09:00:05/10/2019 ‌

ئومێد جاف ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی هاوپەیمانی نیشتمانیی لەم دیمانەیەی ''وشە''دا دووپاتی دەكاتەوە كە دەبێت كورد تانە لە یاسای هەڵبژاردنی تایبەت بە كەركووك بكات، لە كاتێكدا هێشتا دۆخی كەركووك ئاسایی نەبووەتەوە و ئەو هەڵبژاردنە پێچەوانەی دەستووری عێراقە. جاف رای دەگەیەنێت "كورد لە كەركووك لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە و پێویستە لەو ناوچانە یەكهەڵوێست بین".

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، كورد لە كەركووك بەرەو كوێ دەبات؟

كورد لەو ناوچانە لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە كەركووك پێچەوانەی دەستوورە و نایاساییە.

بۆچی پێچەوانەی دەستوورە؟

كەركووك لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، بەپێی حوكمڕانی ماوەی دەسەڵاتی كاتی لە سەردەمی بریمەر، بە ناوچەی جێناكۆك ناسێنرا. ئەم یاسایە جێبەجێ كرا تا ١٥-١٠-٢٠٠٥ و لە دەستووری عێراقدا بڕگەی یەكەمی مادەی ٥٣ و ٥٨ گواسترایەوە بۆ مادەی ١٤٠ و ١٤٣ و جێگیر كرا.
ئەو مادانە دەڵێت، دەبێت دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و سەرژمێری بكرێت، لە قۆناغی سێیەمدا ریفراندۆم ئەنجام بدرێت بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی.

مەبەستت ئەوەیە كە لەم كاتەدا نابێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت؟

بڕیارێكی دادگای فیدراڵیمان هەیە لە ٢٨-٧-٢٠١٩ دەرچووە، دەبێ كەركووك دوو قۆناغی یەكەم تێبپەڕێنێت كە ئاساییكردنەوە و سەرژمێرییە، پاشان لە دۆخێكی ئاسایی و یاساییدا هەڵبژاردن و ریفراندۆم ئەنجام بدرێت.

بەگشتیی دۆخی كەركووك چۆن دەبینن؟

ئێستە باری كەركووك نائاساییە، رای جیاوازی لەسەرە، بەشێك دەڵێن داگیر كراوە، چونكە دەوڵەتی عێراق بەهێز دەستی بەسەر ئەو شارەدا گرتووە، ئاشكرایە ئەنجامدانی سەرژمێریش لە دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقدایە، ئەویش ئەو كارەی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و دوای ئەنجامدانی هەڵبژادن هەڵگرتووە، ئەمەش بە قازانجی كورد تەواو نابێت و رێژەی دەنگەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

كەواتە باشترین بژاردە بۆ كورد چییە؟

باشترین بژاردە ئەوەیە كورد تانەیەكی دەستووری لە یاساكە بدات، چونكە دەبێت باری كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، دووپات بكاتەوە كە هەڵبژاردن لەم كاتەدا تەواو نایاسایی و نادەستوورییە.

تانە لە یاساكە دراوە لە دادگای فیدراڵ بەڵام جارێ یەكلا نەكراوەتەوە، گریمانە عێراق ئەو هەڵبژاردنە هەر ئەنجام بدات لە كەركووك، كورد چی بەسەر دێت؟

لە مادەی ٣٥ی یاساكەدا دەڵێت كاریگەری لەسەر چارەنووسی كەركووك نابێت، چونكە تەنیا پرسێكی كارگێڕییە، بەڵام من وەك خۆم وای نابینم، چونكە ئەوە ئەنجوومەنی پارێزگایە و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە شارەكە، ئەگەر دەنگی كورد كەمی كرد، دەسەڵاتەكانیشی كەم دەكات.

ئەی چارەسەری ئەم دۆخە چییە؟

یەكەم جار كورد تانەیەكی دەستووری لە یاسای هەڵبژاردن بدات و چاوەڕێی دادگای فیدڕاڵی بكات، چونكە پەرلەمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق وەك لایەنێكی دەستووری وەسف كراوە، بۆیە مافی تانەدانی لەو یاسایە هەیە، ئەگەر ئەو هەڵبژاردنانە هەر ئەنجام دران، كورد بایكۆتی هەڵبژاردن نەكات و بە یەكلیست بەشداری بكات.

وشە/دیمانەی رەوەز سەڵاح





وشە - وشه‌