وەزارەتی دارایی دەست بە خەرجكردنی پارە بۆ بەڵێندەران دەكاتەوە

:: AM:11:46:05/10/2019 ‌
یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان رای دەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەی كاتی هاوكارییەكانی راگرتووە، بەڵام ئێمە سەردانی وەزارەتی داراییمان كرد و وەزارەت بڕیاری دا پێداچوونەوە بە هاوكارییەكاندا بكاتەوە، ئێستە بەشێوەی كاتی هاوكارییەكانیان بۆ بەڵێندەران راگرتووە و ماوەیەكی تر دەست پێ دەكاتەوە.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی تشرینی یەكەم، بەشار عەلی بەڕێوەبەری پێوەندییەكانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان  بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كاتی هاوكاریكردنی بەڵێندەرانی راگرتووە و ئێمەش وەك یەكێتی بەڵێندەران سەردانی وەزارەتی داراییمان كرد، ئەوانیش باسیان لەوە كرد راگرتنەكە بەشێوەی كاتییە و مەبەستی راگرتنەكەش بۆ پێداچوونەوەیە و هەركاتێك تەواو بوو دەست پێ دەكەنەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئێمە داوامان لە وەزارەتی دارایی كرد كە پێویستە پەلەی لێ بكرێت و دەست بكرێتەوە بە پێدانی سلفە بە بەڵێندەران، چونكە دەبێتە هۆی راگرتنی پڕۆژەكان، بۆیە بەڵێن دراوە ‌ به ‌زووترین كات هاوكاریكردنەكە دەست پێ بكرێتەوە.

لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك پڕۆژە لە شار و شارۆكەكانی كوردستان كە بەهۆی تەنگژەی دارایی ساڵانی رابردووەوە راگیرابوون، دەستبەكار بوونەوە و حكوومەت مانگانە بڕەپارەیەكی بۆ بەڵێندەران خەرج دەكرد، بەڵام ماوەیەكە ئەو بڕەپارەیە خەرج ناكرێت و بەهۆیەوە بەڵێندەران هۆشدارییان لە وەستاندنی پڕۆژەكانیان دا.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم


وشە - هیدایه‌ت جان