عەدنان عوسمان: بینەری فیلمە كوردییەكانی فێستیڤاڵی سلێمانی زیادی كردووە

:: PM:04:09:05/10/2019 ‌
چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە چەندان فیلمی كوردی و بیانی لە سینەماكان بە ئامادەبوونی بینەرێكی بەرچاو نمایش دەكرێت.

 عەدنان عوسمان دەرهێنەر و سینەماكار بە "وشە"ی راگەیاند، لەم فێستیڤاڵە 40 فیلمی كوردی بەشدارن و كۆمەڵێك فیلمی بیانی و ئاسیایی بەشدارن و فیلمەكان لە ساڵۆنەكانی سیتی سینەما و سینەما سالم نمایش دەكرێن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەم فیلمانەی لە سیتی سینەما نمایش دەكرێن وەك فیلمە ئەنیمەیشنەكان و كورتە فیلمەكان و دۆكۆمێنتارییە درێژەكان و فیلمە فیكشنەكان و فیلمە چیڕۆك ئامێزەكان، زۆربەی فیلمەكان لە سیتی سینەما نمایش دەكرێن و ئەو فیلمانەی لە سینەما سالم نمایش دەكرێن وەك چەند فیلمێكی درێژ لە سینەما سالم نمایش دەكرێت كە ئەم فیلمانە زیاتر جێی بایەخن و لە دنیا گرینگی زۆریان پێ دراوە و خەڵاتی گەورەیان بەدەست هێناوە و جێی تێڕامان و بینینی وردترن.

لەبارەی كورتە فیلمە كوردییەكان عەدنان عوسان دەڵێ، كورتە فیلمە كوردییەكان كە لە بەشی كورتەفیلمی كوردی ناویان لێ ناوە، 15 كورتە فیلمن پێشبڕكێ دەكەن لەسەر چەند خەڵاتێك، ئەم بەشە باشترین بینەری هەیە و جگە لەوەی كۆمەڵێك توانای گەنجی تازە لەم فێستیڤاڵە دەبینرێت كە ناوی لێ نراوە بەهرەی تازە، پێشبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی خەڵات دەكەن".

"ئەم فێستیڤاڵە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو پێشكەوتنێكی جوانی بەخۆیەوە بینیوە لە ڕووی ڕێكخستنی فێستیڤاڵەكە و زیادكردنی بەشەكانی فێستیڤاڵەكە و زیادبوونی پێشبڕكێ و لەڕووی میوانداری و جۆشوخرۆشی بینەران، بەتایبەت كورتە فیلمە كوردییەكان بینەرێكی بەرچاویان هەیە و جیاواز لە ساڵانی پێشووتر ئەمساڵ خەڵكێكی زۆر سەیری فیلمە كوردییەكان دەكەن، ئەم كورتە فیلمە كوردییانەش لە هەرچوار پارچەی كوردستان دروست كراون و بینەریان زیاترە لەچاو فیلمەكانی تر" عەدنان عوسمان وای گوت.

ئەو دەرهێنەرە ئاماژە بۆ ئەوەیش دەدات، تەمەنی فێستیڤاڵی سلێمانی كورتە و چوارەم ساڵیەتی، بۆیە ناكرێ چاوەڕوان بین بێ كەموكوڕی نەبێت لە جۆر و شێواز و تەكنیكی ئەم فیلمانەی بەشدارییان كردووە و هەندێك لە كاروباری بەڕێوە چوون و ئیدارەی ئەم فێستیڤاڵە و نەبوونی ساڵۆنی تایبەت بە نمایشكردنی فیلمەكانی ئەم فێستیڤاڵە، باشترین شوێن كە سوودی لێ وەردەگرن ساڵۆنەكانی سیتی سینەمایە كە ئەم ساڵۆنەش ئامێرەكانی پێویستی بە تازەكردنەوەیە، من لە چەند فیلمێك بینیم لەڕووی تەكنیك و كوالێتی وێنە و دەنگەوە كوالێتی فیلمە ئۆڕجیناڵەكە نەدەكەوتە سەر شاشە و ئاستەكەی نزم بوو، بەڵام لە هەندێك ساڵۆنی تر كوالێتییەكەی باشە و دەتوانن سوود لە ئامێرەكانی وەربگرن.

دووپاتی دەكاتەوە، كورتەفیلمی "بەفری گەرم" لە بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلمە كوردییەكانی تر بەشدارە و لە نواندنی بیلال زەنگەنە و نیگار عوسمان و پەنەر ئیبراهیمە و بە سەرپەرشتی هونەری ناسر حەسەنە و وێنەگرتنی حیشمەت نارنجییە، ڕۆژی سێی مانگ یەكەم نمایشی كورتە فیلمەكەم بوو، ڕۆژی شەشی مانگ دووەم ڕۆژی نمایشی ئەم فیلمە دەبێت چونكە فیلمەكە لە بەشی پێشبڕكێ دووجار نمایش دەكرێت، خەڵكێكی زۆر ئەم فیلمەیان بینی و كۆمەڵێك تێبینی زۆر باشم گوێ لێ بوو لەسەر فیلمەكەم و كۆمەڵێك گفتوگۆ كرا لەگەڵ هونەرمەندان و سینەماكاران و بینەرانی بەشداربوو، بەڵام بەداخەوە هۆڵەكە بچووك بوو و كەمتر لە 200 كەسی دەگرت و خەڵكێكی زۆر لە دەرەوە وەستابوون و فیلمەكەیان نەبینی.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە یەكی تشرینی یەكەم بە بەشداری چەندان فیلمی كوردی و بیانی دەستی پێ كردووە، ڕۆژی حەوتی تشرینی یەكەم كۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەكە دەبێت و دەست دەكرێت بە دابەشكردنی خەڵاتەكان.

هەولێر/ گەرمیان گلی





وشە - هیدایه‌ت جان