خۆپێشاندانەكانی عێراق بە نەرێنی كار دەكەنە سەر وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان

:: PM:09:42:05/10/2019 ‌

خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامن و پەرلەمانتاران و شارەزایانیش رای دەگەیەنن كە ئەگەر خۆپێشاندانەكان بەردەوام بن كاریگەریان لەسەر تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەبێت.

شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی  راگەیاند، ئەگەر خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی عێراق بەردەوامیان هەبێت، كاریگەری لەسەر حكوومەتی عێراق دەبێت، ئەوكاتیش ئەولەویاتی حكوومەت دەگۆڕێت و ڕەنگە دواجار كاریگەری لەسەر بەشە بودجەی هەرێمیش هەبێت.

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە بەهۆی ئەوەی بازاڕی عێراق بەشێكی كاڵا و شمەكی لە هەرێمەوە پێ دەگات و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئابووری و وەبەرهێنانیش دەبێت.

لایەنە شیعەكان لە ماڵی موقتەدا سەدر كۆ دەبنەوە
میرزا روونی كردەوە، ئەمشەو دوو كۆبوونەوەی گرنگ لە بەغدا دەكرێت، یەكەمیان لایەنە شیعەكان لە ماڵی موقتەدا سەدر كۆ دەبنەوە، بزانین دەگەنە چ ڕێككەوتنێك، دووەمیان كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە بزانین ئەوان چ بڕیارێك دەدەن.

لای خۆیەوە بیلال سەعید، سەرۆكی ئەنیستووتی ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، ئاڵۆزی و بارودۆخی تەناهی لەهەر شوێنێك هەبێت ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر كۆی جومگەی ئابووری و دارایی دادەنێت، بۆیە هەمیشە دەگوترێت سەرمایە ترسنۆكە و لە شوێنی ئاڵۆز ناتوانێت گەشە بكات.

پرۆسەی دارایی و ئابووری عێراق وابەستەی هەرێمی كوردستانە
زیاتر گوتی، بۆیە ئەو بارودۆخە ئابوورییەی لە عێراق هاتووەتە كایەوە رەنگدانەوەیەكی نەرێنی لەسەر كۆی پرۆسەی وەبەرهێنان لە عێراق و كوردستان دادەنێت، لەبەرئەوەی پرۆسەی دارایی و ئابووری عێراق وابەستەی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەت لە قۆناغی ئێستە كە هەموو چاوەكان بەو شیوەیە كە ئایا پرۆسەی ئابووری و دارایی نێوان هەرێمی كوردستان لەسەر یاسای بودجەی 2020ی عێراق یەك دەخرێت یان نا.

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، لە ئەگەری بەردەوامیی باری ئاڵۆزی عێراق، ئەگەری هەیە پرۆسەی وەبەرهێنان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بوەستێت لەكاتێكدا چاوەڕوان دەكرا ئەمساڵ ساڵی گەشەی وەبەرهێنان و پرۆسەی پەرەپیدانی ئابووری كوردستان بێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل