بەڕێوەچوونی جەژنی جەمایێ لە پەرستگەی لالش

:: AM:11:15:06/10/2019 ‌
شارەوانی دهۆك رای دەگەیەنێت، بە مەبەستی خزمەتكردنی سەردانكەرانی پەرستگەی لالش و ئامادەكاری جەژنی جەمای ئێزیدییەكان، هەڵمەتێكی فراوانی پاككردنەوەی پەرستگەی لالشی دەست پێ كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تشرینی یەكەم، ئەمیر ئەترووشی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی دهۆك بە "وشە"ی، راگەیاند، وەك ئامادەكاری بۆ رۆژانی جەژنی جەمای ئێزیدی كە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەم دەستی پێ كرد، شارەوانی شێخان هەڵمەتێكی پاككردنی پەرستگەی لالشی دەست پێ كرد.

زیاتر روونی دەكاتەوە، پەرستگەی لالش گەورەترین شوێنی فەرمی رێوڕسمە ئاینییەكانی ئێزیدییە، ئێزیدییەكان لە سەرانسەری كوردستان و عێراق و دنیا بەشداری لە رێوڕەسمەكانی جەژنی جەمای دەكەن، بۆیە شارەوانی شێخان دەستی بە هەڵمەتێكی فراوان كردووە بۆ ئامادەكاری جەژن، هەڵمەتەكە ئەمڕۆ دەستی پێ كردووە و تا كۆتایی جەژن بەردەوام دەبێت، واتە رۆژانە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەكانی جەژن جارێكی تر پاك دەكرێتەوە.

پەرستگەی لالش دەكەوێتە باكوری شارۆكەی شێخان و شوێنێكی ستراتیجییە، بڕیارە سبەی ئێزیدییەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق، توركیا، ئەرمینا، جۆرجیا و ناوچە و وڵاتانی تری دنیا جەژنی جەمای بەڕێوە ببەن و پێشبینی دەكرێت زیاتر لە 50 هەزار كەس بەشداری بكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی حەوت رۆژ پشووی بو ئێزیدییەكان لە هەرێمی كوردستان راگەیاندووە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری












وشە - هیدایه‌ت جان