لە هەولێر.. باوكێك بە دەستی كوڕەكەی دەكوژرێت

(ر)ـی تەمەن 27 ساڵان.. بكوژی باوكی
:: PM:04:01:06/10/2019 ‌
لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی باوكێك لەلایەن كوڕەكەی دەكوژرێت. پۆلیس دەڵێ، بكوژ گیراوە و ددانی بە تاوانەكەیدا ناوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە كراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تشرینی یەكەم، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لە گەڕەكی قەڵای نوێ لە سنووری دەشتی هەولێر باوكێك لەلایەن كوڕەكەی كوژرا، رووداوەكە وەك پۆلیسی دەشتی هەولێر دەڵێ، سەعات 12ـی نیوەڕۆ رووی داوە.

دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە، دەركەوتووە ئەو كەسەی كوژراوە ناوی (یوونس عومەر قادر) /46 ساڵ/ و كەمئەندامی سەنگەرە، بكوژەكەش كوڕیەتی بە ناوی (ر) /27 ساڵ/.
 
بكوژ خۆی رادەستی پۆلیس كردووە و ددانی بە تاوانەكە ناوە و دەڵێ، هۆكاری كوشتنی باوكی بۆ كێشەی خێزانی دەگەڕێتەوە. موقەدەم كاروان مامەند میرانی لەسەر زاری بكوژ دەیگێڕێتەوە، زیاتر گوتی "گوایە باوكی لە دایكی داوە و هەوڵی داوە بە چەك لەویش بدات، بۆیە ئەویش چەكەكەی لێ وەرگرتووە و چەند فیشەكێكی لێ داوە و بووەتە هۆی كوشتنی".

پۆلیس لەسەر زاری دراوسێكانی ئەو ماڵباتە دەڵێ، ئەم خێزانە چەند منداڵێكیان نەخۆشیی دەروونییان هەیە.

دوای ئەنجامدانی رێكاری یاسایی، تەرمی یوونس عومەر قادر رەوانە رەوانەی پزیشكی دادی كرا و گوتەی تۆمەتبار وەرگیرا و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رێكخراوە و خراوەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە.




وشە - فه‌رمان سادق