لیژنەی دەرمان: كێشەی گەورە لە هاوردەكردن و كۆگاكردنی دەرمان هەیە

:: PM:07:45:06/10/2019 ‌
لیژنەیەكی دەرمان لە پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوون لەسەر چۆنییەتیی هاوردەكردنی دەرمان و نرخیان لە بازاڕ دەكات. ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێ، كەموكوڕیی زۆر هەیە لە وەرگرتن و هەڵگرتنی دەرمان لە فڕۆكەخانەی هەولێر، ئاشكرای كرد كە سەردانی فڕۆكەخانەی سلێمانی و كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان و خۆراكیش دەكەن.

گەلاوێژ عوبێد پەرلەمانتاری لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" دەڵێ، شوێنی هەڵگرتنی دەرمان لە كۆگاكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پلەی گەرمی بەرزە، ئەگەرچی چەند ساردكەرەوەیەكیان هەبوو بەڵام هیچیان توانایەكی باشیان نەبوو تا بتوانرێ ئەو دەرمانانەی پێویستە لەپلەی (50 بۆ 80)ـی خوار سفڕ هەڵگیردرێن، لەو كۆگایانە هەڵگیرێن، گوتی "ئەوان دەڵێن ئەو جۆرە دەرمانانە دەنێردرێن بۆ كۆگایەكی تایبەت كە قفڵەكەی لای كۆنتڕۆڵی دەرمانە تا دەرئەنجامی پشكنینەكە دەردەچێت، دەبێت سەردانی ئەوێش بكەین".
شوێنی هەڵگرتنی دەرمان لە كۆگاكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پلەی گەرمی بەرزە

 

وەك گەلاوێژ عوبێد ئاماژەی پێ كرد، سەردانی كارگۆی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش دەكەن، هەفتانەش لە لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر، بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن بۆ هەفتەی دواتر لیژنەی دەرمان، سەردانی كوێ بكات و چی بكات.

قسەكانی گەلاوێژ عوبێد عوسمان سیان، لە كاتێكدایە لیژنەی دەرمان وەك لیژنەیەكی لاوەكی سەر بە لیژنەی تەندروستی، رۆژی چوارشەمی رابردوو، سەردانی كارگۆی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان كردووە و بەدواداچوونیان كردووە لەسەر شێوازی هاوردەكردن و كۆگاكردنی دەرمان، لیژنەكە دەڵێ، بۆیان دەركەوتووە كە چەند كێشە و كەموكوڕییەك هەبووە و بە راپۆرت بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دراوە.

گەلاوێژ سیان كە پسپۆری و شارەزایی لە بایۆلۆجی و بۆماوەزانی هەیە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە كاری لیژنەى دەرمان بەردەوامی دەبێ و پێشتریش سەردانی سلێمانی و دهۆكیان كردووە، گوتی "رۆژی چوارشەمی دادێ سەردانی كوالێتی كۆنتڕۆڵی خۆراك و كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمانیش لە شاری هەولێر دەكەین، دیسانیش دەچینەوە بۆ سلێمانی".
كاری لیژنە دەرمان بەردەوامی دەبێ و سەردانی كوالێتی كۆنتڕۆڵی خۆراك و كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمانیش دەكەین

گەلاوێژ زیاتر روونی كردووە، لیژنەی دەرمان لە سەرەتای دروستبوونی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرمان لە هەولێر، دهۆك و سلێمانی كۆبوونەوەی كردووە و تاوتوێی چۆنیەتی هاوردەكردنی دەرمان و جیاوازی نرخی دەرمانیان لە بازاڕەكان كردووە، لەم سەردانەشدا بۆ كارگۆی فڕۆكەخانەی هەولێر، بەدواداچوون لەسەر شێوازی وەرگرتنی دەرمانی هاوردە و بە كۆگا كردن و وەرگرتنی نموونە بووە لە دەرمانی هاوردە بۆ پشكنین، گوتی "دەمانویست بزانین چەند نموونە وەردەگیردرێت بۆ پشكنین".

ئەو پە رلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا، لە سەردانیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، كەموكوڕی زۆر تێبینی كراوە، ئەوان داوای دانانی تاقیگەیەكی كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمانیان دەكرد لەناو كارگۆ تا كارەكان خێراتر بن، بەڵام ئەوە پێویستی بە "بودجەیەكی گەورە هەیە".

زیاتر گوتی "یەكێك لە كێشەكانی تر درەنگ دەرچوونی ئەنجامی نموونەی دەرمانەكان بوو، ئەمەش كێشەیە، جگە لەمە دەرمانێكی زۆر لە كۆگاكان ماونەتەوە كە پێویستە وەزارەتی تەندروستی لەناویان ببات چونكە لە پشكنینەكان دەرنەچووینە، ئەمەش كێشەیەكی ترە كە پێویستی بە شوێن هەیە، ئەمە پێویستە بەدواداچوونی بۆ بكەین تا بزانین وەزارەتی تەندروستی چۆن ئەوە ئەنجام دەدات".



وشە - فه‌رمان سادق