ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق ئاشكرای دەكات، حكوومەت بەهۆی داخوازی خۆپێشاندەران گۆڕانكاری لە پڕۆژەیاسای بودجە دەكات، چونكە بودجەیەكی زۆری پێویستە و دەبێ پارەی یەدەگ له بانك رابكێشن یاخۆ قەرز بكەن. دەشڵێت، ئێمە پشتگیری لە حكوومەتی ئێستە دەكەین، چونكە گرووپی میلیشیاكان ئیستغلالی حكوومەتیان كردووە و ئەوەش بۆ ئێمە مەترسیدارە.
ئەمرۆ دووشەم حەوتی تشرینی یەكەم، جەلال كۆچەر ئەندامی لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران گۆڕانكاری لە پڕۆژەیاسای بودجە دەكرێت و ئەو داواكارییانە پێویستیان بە بودجەیەكی تر هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەت پارە لە بانك رادەكێشێت، چونكە حكوومەت پارەی یەدەگی گەیشتبووە 89 ملیار دۆلار.
پێویستە حكوومەت پارەی یەدەگ رابكێشێت یان قەرزی دەرەكی بكات
زیاتر روونی دەكاتەوە، ساڵی 2019 پارەی یەدەگی عێراق نۆ ملیار دۆلار زیادی كردبوو، بۆ جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران پێویستە حكوومەت پارەی یەدەگ رابكێشێت یان قەرزی دەرەكی بكات، ئەگەر نا ئەو بودجەیەی ئێستە هەیە بەشی ناكات.
"دەستێكی دەرەكی لەو خۆپێشاندانانە هەیە و نایانەوێت عێراق له چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی ئەوان دەربچێت، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ گۆڕینی حكوومەت نین، چونكە دەتوانین گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان" جەلال كۆچەر وای گوت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكاری پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، ئەوەی كێشەیە گرووپە میلیشیاكان ئیستغلالی حكوومەتی ئێستەی عێراقیان كردووه و ئەوەش مەترسیدارە، بەتایبەت بۆ هەرێمی كوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی دانوستاندنێكی چڕیان دەست پێ كرد بۆ رێككەوتن لەبارەی بەشەبودجەی كوردستان و كێشەی نەوت و ناوچە كوردستانییەكان، كۆمەڵێك كێشەی هەڵپەسێراوی نێوانیان و هەردوو لایەن ئاماژەیان بەوە دەدا كە لە دانوستاندنەكاندا نزیك بوونەتەوە لە رێككەوتن، بەڵام بەهۆی خۆپێشاندانەكانی عێراق دۆخەكە ئێستە ئاڵۆز بووە و چارەنووسی ئەو دانوستاندنانە ناڕوونە.
هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم