" بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ كاری لە پێشینەی حكوومەتە"

:: AM:11:48:07/10/2019 ‌
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تشرینی یەكەم، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشانگای هەنگوین لە هەولێر گوتی، ئێستە گەشەپێدانەوەی كشتوكاڵ لە ئارادایە و زەوینەی لەبارە لەڕووی زەوی و دەستی كار و ئیرادەی كابینەی نۆیەمیش گرنگیی زیاتر بەو پرۆسەیەی كشتوكاڵ دەدات. 

ئەو پلانەی بۆ ئەم چوار ساڵە دامانناوە، جێبەجێی بكەین و مەبەستیشمان گەشەپێدانەوەی كەرتی كشتوكاڵە 
وەزیری كشتوكاڵ گوتی، ئێمە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشێكی زۆری ئەو پلانەی بۆ ئەم چوار ساڵە دامانناوە، جێبەجێی بكەین و مەبەستیشمان گەشەپێدانەوەی كەرتی كشتوكاڵە بەشێوەیەكی گشتی.

ڕوونی كردەوە، هەنگەوانی كاریگەری دارایی باشی هەیە و هەمیش خزمەتی ژینگە دەكات و ئەوەش لە كوردستان گرنگی خۆی هەیە، چونكە ژینگەی دەوڵەمەند هەیە و شوێنی جیۆگرافیی گونجاومان هەیە.

پێشانگای هەنگوینی وڵاتانی عەرەبی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر كرایەوە و لە پێشبڕكێی ساڵی ڕابردوو هەنگوینی كوردستان یەكەمی بە دەست هێنابوو لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی.




وشە - رامیار جەواد