مووچە بۆ توێژێكی كۆمەڵ دابین دەكرێت

:: PM:02:28:07/10/2019 ‌

 

وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ڕێنوێنی مەرجەكانی كەمئەندامان هەموار بكەینەوە و مووچە بۆ ئەو كەمئەندامان ببڕێتەوە كە مامەڵەكانیان چەند ساڵێكە وەستاوە.

ئەمڕۆ دووشەم سێی تشرینی یەكەم، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەنجوومەنی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بڕیاریدا ڕاپۆرتێك بە وردەكارییەوە ئامادە بكات، تا مووچە بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە ببڕێتەوە كە ساڵی 2013 تۆمار نەكراون.

وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی گوتی، ئەمڕۆ هەوڵماندا بۆ هەمواركردنەوەی ڕێنوێنیی ژمارە دووی تایبەت بەخاوەن پێداویستی تایبەت، تا سەرجەم داواكاری و داخوازی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان جێگای بكرێتەوە.


ڕۆژی یەكشەمی داهاتوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شیاندنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانمان هەیە 

ئاشكرای كرد، ڕۆژی یەكشەمی داهاتوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شیاندنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانمان هەیە، بۆ جێبەجێكردنی خواست و داواكارییەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها جێبەجێكردنی ئەو بڕگە و مادانەی لە یاسای خاوەن پێداویستی تایبەت هاتووە و تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە.

ئەو هەوڵەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە كاتێكە، دوای ساڵی 2013 بەهۆی تەنگەژەی دارایی هەرێمی كوردستان هیچ مامەڵەیەكی نوێی كەمئەندامی نەكراوە.


 



وشە - رامیار جەواد