بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات، لەكاتی هەڵكۆڵینی چاڵێك، ئێسك و پرووسكی چەند كەسێك دەردەكەوێت.
ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی هاتووە، هەواڵدەرێك سەردانی بنكەی پۆلیسی سیتەك دەكات كە لە كاتی هەڵكەندنی چاڵێك لە باخەكەیدا، ئێسك و پرووسكی مرۆڤی بەدی كردووە، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی شارباژێڕ و ئاسایشی سنوورەكە و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان دەگەنە شوێنەكە.
ئەو گۆڕە رووفاتی سێ كەسی تێدا بووە
پۆلیس ئاشكرای كردووە، دوای هەڵكەندنی تەواوی گۆڕەكە، دەردەكەوێ ئەو گۆڕە رووفاتی سێ كەسی تێدا بووە كە جلی كوردی و پانتۆڵیان لەبەردا بووە، هەروەها لەناو گۆڕەكەشدا سێ پارچە دراوی 50 فلسی و ناسنامەیەك دۆزراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێستە رووفاتەكان رەوانەی پزیشكی دادوەری كراون و لێكۆڵینەوەكان دەستیان پێ كردووە.