زۆربه‌مان ناوى "شه‌هره‌زاد"مان بیستووه كه كاره‌كته‌رى چیرۆكه‌كانى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌یه، نه‌ك ته‌نیا ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو هه‌موو چیرۆكه‌كانى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه له‌سه‌ر زارى ئه‌و ژنه دێنه گێڕانه‌وه، به‌مه‌یش شا سه‌رگه‌رمى رووداوه‌كانى چیرۆكه‌كانى ده‌كات و له كوشتن و ئازاردانى ژنانى مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ى دوورى ده‌خاته‌وه.
"بگێڕهوهى فیلمه‌كان" رۆمانێكى بچووكه له‌لایه‌ن نووسه‌رى به‌ناوبانگى چیلى ئیرنان رێڤێرا لیتایلهر نووسراوه
له مێژوودا زۆر شت ئه‌وه‌نده تواناى گێڕانه‌وه و حیكایه‌تخوانى ژنان ده‌رده‌خه‌ن، ئێمه لێره‌دا ناتوانین ئاماژه بۆ یه‌كه به یه‌كه‌یان بكه‌ین، به‌ڵكو ته‌نیا باس له رۆمانێك ده‌كه‌ین كه پاڵه‌وانه‌كه‌ى شههرهزادئاسا بهسهرهاتهكانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین بابه‌ته‌كانى ئه‌و له خه‌یاڵ و ئه‌فسانه‌كانه‌وه هه‌ڵناقوڵێ، به‌ڵكو له ژیانێكى پڕ نه‌هامه‌تى خۆیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، دووه‌م سه‌رچاوه‌یش بابه‌تى ئه‌و فیلمانه‌یه كه له سینه‌ماى كه‌مپێكى كرێكارانه‌وه پێشان ده‌درێن.
"بگێڕهوهى فیلمه‌كان" رۆمانێكى بچووكه له‌لایه‌ن نووسه‌رى به‌ناوبانگى چیلى ئیرنان رێڤێرا لیتایلهر نووسراوه. باس له خێزانێكى بچووك ده‌كات كه له كه‌مپێكى كرێكاران ده‌ژین، خێزانه‌كه له چوار كوڕ و كچێك و باوكێك پێكهاتوون. باوكه‌كه له كاركردن تووشى په‌ككه‌وته‌یى بووه و ناتوانێ كار بكات، به‌هۆى ئه‌و رووداوه‌یشه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌ى رۆیشتووه و مێرد و منداڵه‌كانى جێهیشتووه.
ئه‌وان له ههژارییهكى كوشنده‌دا ده‌ژین، یه‌كێك له نه‌ریته باوهكانیان به‌ر له تێكچوونى خێزانه‌كه‌یان، ئه‌وه‌بووه به‌یه‌كه‌وه سه‌ردانى سینه‌مایان كردووه، به‌ڵام ئێسته دایكیان نه‌ماوه و له‌لایه‌كى تریشه‌وه پاره‌یان هێنده نییه به‌یه‌كه‌وه بچنه سینه‌ما. بۆیه له برى ئه‌مه، بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه به هه‌موویان بلیتێك بۆ یه‌كێكیان بكڕن و ره‌وانه‌ى سینه‌ماى بكه‌ن، دواتر ئه‌و دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له ماڵه‌وه ده‌بێ باسى فیلمه‌كه‌یان بۆ بكات.
باوكى بۆ ئه‌م مه‌به‌سته یه‌كه به یه‌كه‌ى منداڵه‌كانى تاقى ده‌كاته‌وه، دواجار ده‌رده‌كه‌وێت كچه بچووكه‌كه‌ى كه ناوى "ماریا ماگریتا"یه، له هه‌موویان سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت و زۆر به جوانى ده‌توانێ ناوهڕۆك و كه‌شى فیلمه‌كان له شاشه‌ى سینه‌ماى كه‌مپه‌وه بۆ ناو ماڵه هه‌ژاره‌كه‌یان بگوازێته‌وه.
یه‌كێك له خه‌ونه‌كانى ئه‌وه بووه كچێكى هه‌بێت به ناوى "مارلین مۆنڕۆ"، به‌ڵام ژنه‌كه‌ى دژى ئه‌م خه‌ونه‌ى ده‌وه‌ستێته‌وه
به‌هۆى ئه‌وه‌ى باوكى منداڵه‌كان جاران زۆر شه‌یداى سینه‌ما بووه، یه‌كێك له خه‌ونه‌كانى ئه‌وه بووه كچێكى هه‌بێت به ناوى "مارلین مۆنڕۆ" ئه‌ستێره‌ى سینه‌ماى سه‌ده‌ى بیسته‌مى ناو بنێت، به‌ڵام له‌م خه‌ونه ساده‌یه چانسى نابێت و هاوژینه‌كه‌ی سێ كوڕی به‌داوى یه‌كتره‌وه ده‌بێت، كاتێكیش كچیان ده‌بێت، ئه‌وا ژنه‌كه‌ى دژى ئه‌م خه‌ونه‌ى ده‌وه‌ستێته‌وه، به‌ڵام پیاوه‌كه هه‌ر ده‌ستبه‌ردارى خه‌ونه‌كه‌ى نابێت و دواجار كچه‌كه‌ى ناو ده‌نێ "ماریا ماگریتا" ئه‌مه‌یش هاوشێوه‌ى مارلین مۆنرۆ هه‌ردوو وشهكهى به پیتى "M" ده‌ست پێ ده‌كات.
هێنده‌ى پێ ناچێ ماریا وه‌ك كه‌سێك كه ده‌توانێ باس له فیلم بكات، له كه‌مپه‌كه ناوبانگ ده‌رده‌كات و جگه له ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى، دراوسێ و خه‌ڵكى گه‌ڕه‌ك و ته‌واوى كهمپهكهیش ئێواران روو له ماڵى ئه‌و كچه ده‌كه‌ن و گوێ له به‌سه‌رهاتى فیلمه‌كان ده‌گرن.
ماریا كه خۆى رووداوه‌كانى رۆمانه‌كه ده‌گێڕێته‌وه، باس له‌وه ده‌كات رۆژێك یه‌كێك كه سه‌یری نمایش و گێڕانه‌وه‌ى ماریا ماگریتاى كردووه به ئاماده‌بووانى گوتووه، ئه‌مه هونه‌ره و هونه‌ریش نرخى هه‌یه. بۆیه خۆبه‌خشانه ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێ گوێ له به‌سه‌رهاتى فیلمه‌كان بگرن و له ماڵه‌كه ئاماده ده‌بن، كه‌مێك پاره داده‌نێن. ئیتر ئه‌مه بارودۆخى دارایى خێزانه‌كه باشتر ده‌كات.
لێره ماریا وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كى سینه‌مایى له كه‌مپه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت له‌وكاته‌ی ته‌مه‌نى له 14 ساڵ بچووكتره، بۆیه وه‌ك ئه‌وانیش ناسناو بۆ خۆى داده‌نێ، ته‌نانه‌ت وه‌ك ئه‌ستێره‌كانى سینه‌ما رووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێكسى ده‌بێته‌وه و ده‌ستدرێژى ده‌كرێته سه‌ر.
له میانه‌ى گێڕانه‌وه‌كانى ماریا، ئه‌گه‌ر به‌كورتیش بێت، باس له چه‌ندان قۆناغى زێڕ‌ینى سینه‌ما ده‌كرێت، كه دواجار چۆن ته‌له‌ڤزیۆن شوێن و پێگه‌ى سینه‌ما له‌ق ده‌كات.
ماریا به‌ده‌م گێڕانه‌وه‌ى رووداوه‌كانى رۆمانه‌كه، باس له‌و كارهساتانهیش ده‌كات كه رووبه‌ڕووى خۆى و خێزانه‌كه‌ى ده‌بنه‌وه. ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه كه چۆن دواجار سینه‌ما له كه‌مپه‌كه مۆدێلى نامێنێ و هه‌وره‌ها ساڵانێكى دواتریش كه‌مپه‌كه چۆڵ ده‌بێت و به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه. كاتێك گه‌شتیاران وه‌ك شوێنێكى دێرین سه‌ردانى كه‌مپه‌كه ده‌كه‌ن، ماریا پێشوازییان لێ ده‌كات و ئه‌م جاره باس له به‌سه‌رهاته‌كانى كه‌مپه‌كه ده‌كات و وه‌ك ژنێكى نۆستالۆجی ده‌رده‌كه‌وێت.
ماریا زۆر سه‌رسامه به‌و گوته‌ى شكسپیر كه ده‌ڵێ، "ژیان له هه‌مان كه‌ره‌سته‌ی خهونهكان دروست كراوه"، به‌ڵام خۆی گۆڕانكارى له چه‌ند وشه‌یه‌كى رسته‌كه ده‌كات و ده‌ڵێ، "ژیان له هه‌مان كه‌ره‌سته‌ى فیلمه‌كان وه‌رگیراوه، گێڕانه‌وه‌ى فیلم وه‌ك گێڕانه‌وه‌ى خه‌ون، گێڕانه‌وه‌ى ژیانیش وه‌ك گێڕانه‌وه‌ى خه‌ون و فیلمه‌كانه".