حكوومەتی هەرێم دەروازە نافەرمییەكان لەگەڵ ئێران بە فەرمی دەكات

مەرزی باشماخ
:: PM:03:20:08/10/2019 ‌
هەرێمی كوردستان سێ دەروازەی فەرمی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و هاوكات چەند دەروازەیەكی نافەرمیش هەن، بەڵام وەزیری پلاندانان دەڵێ، بۆ فراوانكردنی پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان، دەروازەكان فراوانتر دەكرێن و ئەوانەی نا فەرمین بە فەرمییان دەكەین. 

ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تشرینی یەكەم، دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تاوتوێ كرد.

لە بەیاننامەیەكەدا كە وێنەیەکی دەست "وشە" كەوتووە، وەزیری پلاندانان لەگەڵ دكتۆر ئەنساری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاندانی كۆمپانیا ئێرانیەكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، كارنامەی حكوومەتی هەرێمی بۆ شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی روونكردەوە، ئاماژەی بە ئەنجامدانی پرۆژە و پێدانی تەندەر كرد لەسەر بەرزی كوالێت و ئاست و دڵنیایی جۆری كۆمپانیاكان.

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی بۆ هەرێمی كوردستان لەهەموو روویەكەوە گرنگە
وەزیری پلاندانان دەڵێ، ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی بۆ هەرێمی كوردستان لەهەموو روویەكەوە گرنگە، ئەویش بەهۆی نزیكی سنوور و تێكەڵاوی فەرهەنگ و كولتوور و لایەنە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان.

بەگوێرەی بەیاننامەكە بێت، هەردوولا تاوتوێی فراوانكردنی دەروازە سنوورییەكان و رێكخستنی مامەڵەی بانكی و هاتوچۆ و ترانزێتی بازرگان و هاووڵاتیان لەنێوان ئێران و هەرێمی كوردستان كرد، وەزیری پلاندانان گوتی "لە هەوڵداین لەگەڵ حكوومەتی عێراق كاری دەروازە سنووریەكان فراواتر بكەین و ئەوانەی نا فەرمین، بە فەرمیان بكەین".

لە بەشێكی تر كۆبوونەوەكەدا، باس لە لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم كۆمپانیا ئێرانییەكان لە هەرێمی كوردستان كراوە، هەردوولا كۆك بوون كە ئەو كێشەیە بەیەكەوە چارەسەر بكەن. 


وشە - فه‌رمان سادق