"حەمید چكچكان" چارڵی چاپڵنی كورد

:: AM:09:23:09/10/2019 ‌

هونەرمەند و یاریزانی سووكدەست "سیحرباز"ی كورد عەبدولحەمید سلێمان وەندی كە بە "حەمید چكچكە" دەناسرێتەوە، لە كوردستان بەگشتی و لە كەركووك بەتایبەتی ناوێكی دیارە، چیرۆكی بڕینی ئەم نازناوە بەباڵای عەبدولحەمید، ئەوەیە لەكاتی یاریكردنی سووكدەستی و یارییە سیحرییەكانیدا، هەمیشە دەیگوت "چكچكچكچك...." ئیتر نازناوی "چكچكان"ی بەسەردا بڕایەوە. 

حەمید چكچكان پیاوێكی لاوازی گەنمڕەنگی باڵا مامناوەندی بوو. تا بڵێی مرۆیەكی رۆحسووك و قسەخۆش و خۆشەویست بوو، بچووایە هەر جێیەك، خەڵك دەوریان دەدا و داوایان لێ دەكرد یاریی سیحرییان بۆ بكات، یان هەندێ‌ جووڵەی كۆمیدییان بۆ ئەنجام بدا و ئەویش بێ دڵیی نەدەكردن و خۆشی و شادی دەخستە دڵی ئامادەبووانەوە، بۆیە زۆرجار پێیان دەگوت "چارڵی چاپڵنی كورد".

 چكچكان كوردێكی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی گەلەكەی بوو. لەبەرئەوەی نیشتەجێی یەك گەڕەك بووین، رۆژێكی ساڵی 1977 لەڕێ تووشم بوو و ئۆتۆمبێلەكەی بۆ راگرتم تا بمگەیەنێتە شوێنی مەبەست، لەڕێدا نەوارێكی تیپی موزیكی سلێمانی خستەسەر ریكۆردی ئۆتۆمبێلەكەی، نەوارەكە گۆرانییەكانی حەسەن گەرمیانی و كەریم كابان و عەباس محەمەد سلێمان و ئیبراهیم خەیات و.. لەسەر بوو، گوتم كاك حەمید وادیارە زۆر ئارەزووی بیستنی موزیك و گۆرانی دەكەی؟ گوتی: راستییەكەی من تەنیا گوێ‌ لەم نەوارە دەگرم چونكە ئەم گۆرانییانە مانا و مەغزای جیاوازیان هەیە! گوتم چۆن؟ گوتی پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975،  دوژمنانی كورد بەخەیاڵی خۆیان وایان دانابوو گەلی كورد چۆك دادەدەن! بەڵام ئەم تۆماركردن و بڵاوبوونەوەی ئەم نەوارە بۆ دوژمنانی سەلماند كە كورد هەرگیز كۆڵ نادات و لە سەختترین رۆژگارەكانیشیدا هەمیشە بەئومێدەوە دەژی و گۆرانی بۆ ئاسۆیەكی روونتر بۆ گەلەكەی دەچڕێت.

ئەوەی زیاتر هونەرمەند چكچكانی بەخەڵكی ناساند، چەند بەرنامەیەكی سووكدەستی و یارییە سیحربازییەكانی بوو كە لە تەلەڤزیۆنی كەركووك تۆماری كردبوون. لەمبارەیەوە هاشم جەباریی راگەیاندنكار و بێژەری تەلەڤزیۆنی كەركووك دەڵێ‌: حەمید چكچكان پیاوێكی رۆحسووك و بەهرەدار  و كۆمیدی بوو، لە خوێندندا تەنیا قۆناغی سەرەتایی تەواو كردووە، لە ساڵی 1967 دوو بەرنامەی لە تەلەڤزیۆنی كەركووك بەناوی "یارییە سیحرییەكان"وە تۆمار كرد، یەكێكیان نۆ خولەك و ئەویتریان هەشت خولەك بوو، تا ئێستە لە ئەرشیڤی تەلەڤزیۆنی كەركووك پارێزراون. ئەم دوو بەرنامەیە پڕ بینەرترین بوون. لە ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانییەكانیشدا حەمید چكچكە بە یارییە سووكدەستییەكان بەشداری دەكرد و دڵی خەڵكی خۆش دەكرد. جارێكیان لە ئاهەنگێكی جەماوەریدا بەشدار بوو، لەلایەن سەرۆك وەزیرانی ئەوسای عێراق "عەبدولكەریم قاسم"ەوە كە ئامادەی بۆنەكە بووبوو، خەڵاتی رێزلێنانی پێشكەش كرد. 

لە رۆژانی جەژن و پشوو و بۆنەكانیش لە سەیرانگەكانی شاری كەركووك و لە ئاهەنگەكانی یانەی وەرزشی سۆلاڤ، چكچكە نمایشی سیحربازی و یارییەكانی سووكدەستی دەكرد، هێندە خۆشەویست و قسەخۆش بوو، كاتێك دەهاتە ناو هۆڵەكە بە چەپڵەڕێزان پێشوازیی لێ‌ دەكرا.

كەركووكییەكان چەندان بەزمی سەیروسەمەرەی لێ‌ دەگێڕنەوە، یەك لەو بەزمە خۆشانەی لێی دەگێڕنەوە، لە ساڵی 1970 سێركێكی توركی هاتبوو بۆ كەركووك، حەمید چكچكە دەچێت بۆ بینینی نمایشەكانی، سیحربازێكی توركیشیان هێنابوو، لە كاتی نمایشكردنی تواناكانی خۆی چەند جووڵە سیحرییەكی كرد و سەركەوتوو نەبوو، ناچار نمایشەكەی راگرت و گوتی: سیحربازێك لێرە ئامادەیە تا دووری نەخەنەوە و یان دەست لەكارەكانم هەڵنەگرێت، من نمایش ناكەم.

لە كۆتادا ماوە بڵێین هونەرمەند و یاریزانی سووكدەست عەبدولحەمید سلێمان وەندی لە هۆزی زەهاوییە. لە ساڵی 1921 لە گەڕەكی "حەمیدیە"ی شارۆكەی خانەقین لە دایك بووە، لەلای مەلا خوێندوویەتی و دواتر تا قۆناغی شەشی سەرەتایی لە قوتابخانە تەواو كردووە، لە ساڵی 1947 ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ "شەزریە ئەحمەد محەمەد بەرزنجی" پێكهێناوە و بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە حەوت كچ و چوار كوڕ بووە. ئەوانیش "فەتحیە و یونس و عەبدولخالق و ماجیدە و ساجیدە و گەلاوێژ و ئیقبال و جەلال و نەوال و حەنان و عەلی"ن.
چكچكان لە ساڵی 1948 دەچێتە شاری بەغدا و لەوێ‌ لەلای پیاوێكی ئینگلیزی بەتەمەن و خاوەن ئەزموونی هونەری سیحر، فێری وانەكانی هونەری سیحربازی و یارییە سووكدەستییەكان دەبێت، دواتر دەچێ بۆ ئێران و لە تاران بەشداری لە خولێكی هونەری سیحربازی دەكات و پلەی یەكەم بەدەست دێنێ‌. لە ساڵی 1949 بەشداری لە فیلمێكی عێراقی و میسری هاوبەش بەناوی "لیلە فی العراق" لە دەرهێنانی ئەحمەد كەمال مورسی دەكات.

لە ساڵی 1951 ماڵی دەگوازێتەوە بۆ شاری كەركووك و لە كۆمپانیای نەوتی كەركووك بەشوفێر دادەمەزرێت. لە ساڵی 1967 وەك ئەكتەر بەشداری لە فیلمی "الژكریات" دەكات و رۆڵی سەرەكی دەبینێ‌ و هاوكات بەرهەمهێنەری فیلمەكەیش دەبێت. لەبارەی ئەو فیلمە چكچكە گوتبووی: مەبەستم لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە ئەوەبوو بە داهاتەكەی ستۆدیۆیەكی سینەمایی لە كوردستان دابمەزرێنم بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی كوردی كە ئەوكات خەونی من و زۆربەی هونەرمەندان و رۆشنبیرانی كورد بوو، وەلێ‌ بەداخەوە هەرزوو كێشەیەك كەوتە نێوان من و دەرهێنەرەكە و ئەویش سكاڵای لەسەر من و فیلمەكە تۆمار كرد، ئیتر دەست بەسەر فیلمەكەدا گیرا و نمایشكردنی قەدەغە كرا.

لە ساڵی 1971 دەبێتە ئەندامێكی كارای كۆمەڵی هونەر و وێژەی كوردی/ لقی كەركووك، خۆی و جەلالی كوڕی و دوو كچی وەك ئەكتەر لە درامای كوردی "مەرەزە" بەشداری دەكەن و رۆڵی كوتاڵفرۆشێكی خەڵكی گەرمەسێر دەبینێ‌.
لە رێكەوتی 9/1/1996دا حەمید چكچكە كۆچی دوایی دەكات و لە گۆڕستانی "تالیم تەپە" لە شاری كەركووك بەخاكی دەسپێرن.

سەرچاوە:
1ـ گۆڤاری رەنگین ژمارە 98 ی ساڵی 1998.
2 ـ چاوپێكەوتنێكی هونەرمەند لەگەڵ بەرنامەی گۆڤاری هونەر لە رادیۆی كوردی بەغدا 1979.
 
وشە/ عەبدولستار جەباری





وشە - وشه‌