یەكێتی لە بەستنی كۆنگرە پەشیمان بووەوە

:: PM:03:40:09/10/2019 ‌
كادرێكی پێشكەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات، كۆنگرەی یەكێتی ناكرێت و یەكێتی لە بەستنی كۆنگرە پەشیمان بووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تشرینی یەكەم، كادرانی پێشكەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكیان دەست پێ‌ كردووە كە یەكێتی ئەمساڵ كۆنگرە نابەستێت و دواخراوە و ناڕەزایەتییەكی زۆر لە ڕۆژانی داهاتوو ڕوو دەدات.

كۆنگرەی یەكێتی ئێوە خۆش 

سەرتیپ جەوهەر كادری پێشكەوتووی یەكێتیی نیشمانیی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، كۆنگرەی یەكێتی ئێوە خۆش، بەو مانایەی ئەمساڵ كۆنگرەی یەكێتی ناكرێت.

لە وەڵامی پرسیاری هاوڕێكانی بۆچی كۆنگرەی نەكرا و ناكرێت ئاشكرای كردووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو زانیاری نوێ‌ ئاشكرا دەبێت و ناڕەزایەتییەكی زۆر لەناو یەكێتیی دروست دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەناو یەكێتیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ساڵی داهاتوو ئەگەری دواخستنی هەیە بۆ ساڵی 2022، بۆیە گومان دەكرێت لە ئێستە كۆنگرەی یەكێتیی ببەستێت.

رۆژی 24ی كانوونی دووەمی 2018، سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری دا رۆژی پێنجی ئاداری 2018 كۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، بەڵام بەشێك لە سەركردایەتی رەتیان كردەوە لەسەر رۆژی بەستنی كۆنگرە رێككەوتبن.

رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2013 لە قەڵاچۆلان یەكێتی پلینۆمێكی بەست، لەوێ جگە لەوەی تەمەنی سەركردایەتی درێژ كرایەوە، بڕیار درا رۆژی 31ی كانوونی دووەمی 2014 كۆنگرەی چوارەم ببەسترێ.







وشە - رامیار جەواد