عێراق.. سائیروون و حیكمە گوشارەكانیان بۆ سەر عەبدولمەهدی توندتر دەكەن

:: PM:04:48:09/10/2019 ‌

دوای ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییە فراوانەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا عێراقی گرتەوە و خۆپێشاندەران بێزاری خۆیان لە كاركردنی حكوومەت پێشان دا، هەردوو هاوپەیمانی "حیكمە" و "سائیروون"، هەڵوێستی توندیان لەبەرانبەر حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دووپات كردەوە و داوای لێپرسینەوە و سووربوونیان لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت راگەیاند.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ خۆپێشاندانی فرەوانی جەماوەری بەغدای پایەتەخت و چەندین شاری عێراقی گرتەوە و خۆپێشاندەران داوای كار و باشكردنی خزمەتگوزارییەكانیان كرد، لە بەرانبەردا هێزە تەناهییەكانی عێراق رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 كەس كوژران و چوار هەزاریش بریندار بوونن و سەتانیش گیران.

لێپرسینەوە لە عەبدولمەهدی بكرێ بەهۆی بەكارهێنانی هێز
جاسم خەمات، پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتیمانی كە عەمار حەكیم سەركردایەتی دەكات گوتی، داوایەكمان بە واژووی 30 پەرلەمانتار پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كردووە بۆ لێپرسینەوە لە عادل عەبدولمەهدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەهۆی زیادەڕۆییكردن لە بەكارهێنانی هێز لەدژی خۆپێشاندەران لە رۆژانی رابردوودا. 

زیاتر گوتی، ئەوە لەو كاتەی خۆپێشاندانەكان ئاشتیانە بوونە و ئەو رەفتارەش یاسا و دەستوور بە تاوانیان داناوە كە مافی ئازادی دەربڕین و خۆپێشاندانی ئاشتیانەی فەراهەم كردووە، بۆیە زیاتر لە 30 پەرلەمانتار داوایەكیان پێشكەشی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان كردووە، بۆ مێوانداریكردنی عەبدولمەهدی لە پەرلەمان و لێپرسینەوە لەگەڵ كردنی لەبارەی سەركوتكردنی خۆپێشاندەران و كەوتنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیان لە ریزەكانیان.

 لای خۆیەوە جەمال فاخر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون" كە سەر بە موقتەدا سەدرە ئاماژەی كرد كە هەموو داوای خۆپێشاندەران رەوایە و دووپاتی سووربوونی هاوپەیمانیەتییەكەی بۆ لەكارلادانی حكوومەتی ئێستەی عێراق بە هەموو وەزیرەكانی كردەوە، روونی كردەوە، ئەو حكوومەتەی عێراق توانای دابینكردنی خزمەتگوزارییە سادەكانی بۆ گەلی عێراق نییە، هەرئەوەش بوو كە وای كرد خۆپێشاندان دروست ببێت.

پێویستە عەبدولمەهدی و كابینەكەی دەست بكێشنەوە
زیاتر گوتی، هەر لە سەرەتاوە "سائیروون" داوای كرد كە حكوومەت سەربەخۆ و دوور لە حزبایەتی و بەشبەشێنە بێت، بەڵام كەس گوێی بۆ نەگرتین، بۆیە ئەوەی لە وڵات دەگوزەرێت ئەنجامی بەشبەشێنە و دابەشكردنی پۆستەكانە دوور لە تەكنۆكراتی، بۆیە هاوپەیمانی "سائیروون" سوورە لەسەر پێویستی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و كابینەی حكوومەتەكەی دەكات كە ئەوە داواكارییەكی جەماوەرییە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل