ڕۆژی جیهانیی پۆستەیە.. لە كوردستان گرنگیی پێ نادرێ‌

:: PM:06:19:09/10/2019 ‌
نۆی ئۆكتۆبەری 1974 بۆ یەكەمجار پۆستە دامەزرا و ئەو ڕۆژەیش وەك ڕۆژی جیهانیی پۆستە، لە سەرانسەری دنیا یادی دەكرێتەوە.

پۆست ناردن كەمبووەتەوە بە بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستە
چیا جەلال فەرمانبەری فەرمانگەی پۆستەی سلێمانی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەكانی پۆستەوە، پۆست بۆ ناوەوە و دەرەوەی كوردستان دەنێردرێت و دێت، بەمەیش بۆمان دەردەكەوێت كە هاووڵاتییان و حكوومەتیش پۆستەیان بەلاوە گرنگە و بەكاری دەھێنن، بەڵام ئێستە پۆست ناردن كەمبووەتەوە بە بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستە كە فڕۆكەخانەكان داخرابوو، لەبەرئەوەی ڕێگەیەك نەبوو كە پۆستەكانی لێوە وەبگرین یا بینێرین، تەنیا پۆستی ناوخۆی دەكرا.

روونیشی كردەوە كە لە پێش دوو ساڵ مانگانە زیاتر لە تەنێك پۆست دەكرا، بەڵام دوای داخستنی فڕۆكەخانەكان پۆستەمان ڕێژەكەی دابەزیوە بۆ 100 كیلۆ، بەڵام پۆستی ناوخۆیی بەردەوامە و زۆریش چالاكە و لە نێوان فەرمانگەكانی حكوومەتدا زۆر گرنگی بە پۆستە دەدرێت.

ئاڵوگۆڕی پۆستە لەنێو فەرمانگەكان گەرموگوڕی زۆرى هه‌یه‌
گەشەسەندنی ئینتەرنێت و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا جێگەی بە پۆستە لەق نەكردووە، وەك چیا دەڵێت، بەتایبەت لە ئاڵوگۆڕی پۆستە لەنێو فەرمانگەكان گەرموگوڕی زۆر بە پۆستەوە هەیە، چونكە باوەڕپێكراوترە و بە سەلامەتی پۆستەكان دەگاتە جێگەی خۆی، كاری پۆستە لە نێوان فەرمانگەكان كەمینەكردووە، بەڵام لە لای كەسەكان كەمیكردوە كە جاران بە پۆستە نامەیەكیان دەنارد، بەڵام ئێستە لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەینێرێت.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، لە ناو بازاڕ و بەردەم فەرمانگەكان سندووقی پۆستەمان هەیە كە هاووڵاتییان دەتوانن پۆستەكانیانی لێوە بنێرن، لەبەرئەوەی كە فەرمانبەرانمان بەیانیان سەردانی ئەو سندووقانە دەكەن و پۆستەكان كۆدەكەنەوە.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم