ئیتاڵیا و هۆڵەندا سەركۆنەی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا دەكەن

:: PM:08:09:09/10/2019 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ توركیا دەستی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سووریا كرد، سەركۆنەكردنی ئەو هێرشە سەربازییە بەردەوامە و سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا بە شێواندنی سەقامگیری ناوچەكەی دادەنێت و هۆڵەنداش باڵوێزی توركیا بانگهێشت دەكات.

زیان بە سەقامگیری ناوچەكە و هاووڵاتییان دەگەیەنێت
جۆزیبی كۆنتی، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا سەركۆنەی ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیای كرد و رای گەیاند كە هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەكە و زیانیش بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت، لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بانگهێشتنی باڵوێزی توركیای لەو وڵاتە كرد و ستیف بلۆك، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هۆڵەندا سەركۆنەی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر باكوری سووریا دەكات و داوا لە ئەنكەرە دەكات ئەو رێگەیەی گرتوویەتییە بەر بیگۆڕێت. 

نابێت سەقامگیری ناوچەكە بشێوێت
لای خۆیەوە ینس ستۆلتنبێرگ، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی ناتۆ ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە هیوادارە ئۆپراسیۆنەكەی توركیا بە وردی حیساباتی كردبێت وەك توركیا روونی كردووەتەوە كە ئۆپراسیۆنەكەی سنووردارە و دووپاتی كردەوە كە گرنگ ئەوەیە سەقامگیری ناوەچكە نەشێوێت.

لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتیریش، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لەبارەی ئەو هێرشەی توركیا بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سووریا پێشان دا و دووپاتی كردەوە كە هەموو ئۆپراسیۆنەكان لە سووریا پێویستە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی یەك بگرنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل