عێراق.. خۆپێشاندەران چاوەڕوانی سزادانی تەقەكەرەكان دەكەن

:: PM:11:39:09/10/2019 ‌

 دوای هێوربوونەوەی دۆخی عێراق و كۆتاهاتنی خۆپێشاندانەكان و بەڵێنەكانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و دابینكردنی هەلی كار، نوێنەرانی خۆپێشاندەران باس لە دەستهەبوونی میلشیاكان لە رووداوی تەقەكردن لە خۆپێشاندەران دەكەن و پەرلەمانتارێكیش باس لە سزادانیان دەكات.

تەقەكەران لە خۆپێشاندەران ناسراونەتەوە
ئەحمەد بەیاتی، وەك یەكێك لە سەرپەرشتیارانی خۆپێشاندانەكان لە پارێزگای دیالە كە رۆژانی سەرەتای ئەم مانگە  لە بەغدا بووە بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، لەم هەفتەدا لەكۆبوونەوەی نوێنەرانی خۆپێشاندەران لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان، ئەوە ئاشكرا كراوە چەندین قەناس بەدەستی سەر بە گرووپەكانی نوجەبا و عەسائبی ئەهلی حەق وەك تاوانبار و تەقەكەر لە خۆپێشاندەران ناسێنراون.

 زیاتر گوتی، ئەوەی هەیە ئێستە جگە لە چەندین بەڵێن بە خۆپێشاندەران، وەك هەژماركردنی كوژراوان بە شەهید و دابەشكردنی زەوی، بەڵێنی ئەوەش دراوە تاوانبارانی دەست هەبوو لە كوشتنی خەڵكی سڤیل دادگایی بكرێن، هەر بۆیە كەسانێكیش گیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

سەرەتای ئەم مانگە خۆپێشاندان لە بەغدای پایتەختی عێراق و چەندین شار ئەنجام درا و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 خۆپێشاندەر و ئەندامی هێزە تەناهییەكان كوژراون و نزیكەی چوار هەزار كەسیش بریندار بوون.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" میلشیاكانی نوجەبا و عەسائیب ئەهلولحەق، سوودیان لە پشتگیری ناراستەوخۆی هەریەك لە موقتەدا سەدر و عەمام حەكیم بینیوە بۆ ئەنجامدانی تاوان لەكاتی خۆپێشاندانەكاندا.

 مەنار عەبدولوتەلەب، پەرلەمانتاری عێراق بۆ"وشە" ئاماژەی دا، خاڵەكانی سەرۆك وەزیران ئەگەر كاریان پێ بكرێت، جێگەی دەستخۆشین كە بەس قسە نەبێت و  بە پێویستی زانی قسەی نوێَنەرانی خۆپێشاندەران بەهەند وەربگیرێت و كاری پێ بكرێ.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی لەوە كردەوە كە تەقەكەرانی پاڵپشتیان هەبووە و كەسانی ئاسایی تاوان ئەنجام نادەن، بۆیە سوودیان لەو دۆخە بینیوە كە دروست بووە .

 گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل