كاوە عەزیزی: بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەست كورد دەرچووە

:: AM:08:54:12/10/2019 ‌


كاوە عەزیزی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" رای دەگەیەنێ، ڕۆژئاوای كوردستان هەركات ئەمەریكا دەست لە پاراستنی شل بكات بە تەواوی، ڕاستەوخۆ توركیا هێرش دەكات. بە نیگەرانییەوە ئەوەیش ناشارێتەوە كە "بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەست كورد دەرچووە."

كاوە عەزیزی لەم دیمانەیەی "وشە"دا ڕەخنە لە سیاسەت و بەرنامەی پەكەكە دەگرێت، دووپاتی دەكاتەوە كە سیاسەت نەبووە و هەر خەریكی شەڕ بووە و رۆژئاوایشی پڕ كرد لە عەرەب و دیمۆگرافیاكەی گۆڕا، هاوكات بووە هۆی پەرتبوونی هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا و پێی وایە، "پەكەكە لە ڕۆژئاوا بێت، كورد بوونی نامێنێت."

شەوی یەكشەمی ڕابردوو كۆشكی سپیی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی هێزەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا ڕاگەیاند و ئاماژەی دا، "ئەو هێرشانەی توركیا بە نیازە بۆ سەر باكوری سووریا ئەنجامی بدات، لەگەڵیدا نین و نابنە بەربەستیش لە بەردەمی". ئەوەش كوردی دووچاری شۆك كردووە، هەرچەندە بڕیارەكانی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریكا كۆك نین لەسەر شێوازی كشانەوەكە، بەڵام كورد نیگەرانە.


سەرەتا دەپرسین ئەو بڕیارەی ئەمەریكا چۆن لێك دەدەیتەوە بە كشانەوەیان لە ڕۆژئاوای كوردستان؟

ئەو بڕیارەی ئەمەریكا دەریكرد بە كشانەوەی لە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان شۆك بوو، بۆ هەر كەسێك كە كورد بێت شۆك بوو بێ ڕەچاوكردنی حزبایەتی كە بڵێین ئەوە پەیەدەیە یان ئەنەكەسەیە، چونكە بەهۆی ئەو بڕیارەوە توركیا و سووریا هێرش دەكەن بۆ سەر كورد و خاكی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوان دەیانەوێ كورد نەمێنێ، ئەوەی ئەوان دەیڵێن بیانووە و مەبەستەكە ئەوەیە نایانەوێ بەهیچ شێوەیەك كورد بمێنێت.

وەك سیاسەتوانێكی ڕۆژئاوا ئەم بڕیارەی ئەمەریكا چاوەڕوانكراو بوو؟

من شایەتم لەسەر سیاسەتی ئەمەریكا، ساڵی ١٩٧٤ شۆڕشی ئەیلوولی فرۆشت، لە ١٦ی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووكی فرۆشت و ئەم ڕۆژانەیش ئەوە دەیبینین كوردستانی سووریای فرۆشت. 

دەوڵەتە زلهێزەكان متمانەیان نییە، ئەوان بە دوای بەرژەوەندییەوەن


دەوڵەتە زلهێزەكان متمانەیان نییە، ئەوان بە دوای بەرژەوەندییەوەن، بەرژەوەندییان چۆن بێت بەو جۆرە هەڵسوكەوت و سیاسەت دەكەن. ئێستە ترەمپ دەڵێ شەڕی داعش بەكۆتا هاتووە و تورك و عەرەب و كورد وەك عەشیرەت و هۆز چی دەكەن بیكەن و بۆ خۆتان كێشەی خۆتان چارەسەر بكەن. 

كە كورد ئەوەی دەزانی، بۆچی هەموو هیوا و ئایندەیەكی خۆی دایە دەست ئەمەریكا، پلانی تر نەبوو؟

ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن پەكەكە و سووریاوە داگیر كرا، پارتە كوردییەكانی تریش بە بیانووی ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروست نەبێت، گۆڕەپانەكەیان بۆ پەیەدە چۆڵ كرد، ڕژێمی سووریایش ئەوانی بە كرێ گرت و هەموو شتێكی كرد تا دژی كورد ڕابوەستن و كورد یەكگرتوو نەبن، ڕژێم ئەوەی بۆ ئەوە كرد ئەو ناوچانە بچێتەوە ژێر دەسەڵاتیان و دزیی تێدا بكەن، سنووری شۆڕشەكەی گەلانی سووریا بچووكتر بێتەوە تا بتوانن كۆنترۆڵی بكەن، ئەنجامەكەیشی ئەوەبوو كوردیان ڕاگواست و عەرەبیان هێنایە شوێنەكەی، دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای كوردستانیان گۆڕی. بۆیە بەو جۆرە عەقڵەوە شتێك نەبوو ناوی سیاسەت بێت لە ڕۆژئاوای كوردستان، تا بتوانێ دنیابینی و ستراتیجی دوورمەودای خۆی لە ناوچەیەكی ئاڵۆزی وەك ڕۆژئاوای كوردستان ببینێت و هەنگاوی پێویستی لەبارەوە بنێت، ئەوەش دەرئەنجامەكەیەتی بەداخەوە كە دەیبینین.

لە دوای بڕیارەكەی ئەمەریكاوە كورد دەبێ چۆن مامەڵە بكات، بەتایبەت مەترسییەكانی توركیا كە هەڕەشەی رژدن؟

بارودۆخی سووریا لە دەست كورد دەرچووە، پەكەكە گۆڕەپانەكە بەرنادات و ئامادەیە كوردستانی ڕۆژئاوا بفرۆشێت، من دڵنیاشم هەر بۆ نەهێشتنی كوردی سووریا پەكەكە هاتووەتە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان. 

دەمەوێ بڵێم لە سایەی ئەو سیاسەتەی پەكەكە، كورد لە ڕۆژئاوا نەماون، ئەوانەیشی ماون بە چەك و هێز لەسەر سەری كوردەكانی ترن سەركوتیان دەكەن، بۆیە لەو جۆرە سیاسەتەدا دنیابینی بۆ داهاتوو چۆن دادەڕێژرێت.


پێت وایە كورد لە ماوەی ڕابردوودا لاواز بووە كە قەوارەیەكی بەهێز و یەكگرتوو پێك بهێنێت تا ئێستە ڕووبەڕووی هەر مەترسییەك بێتەوە كە دێتە پێشی؟

ئێستە ناوچە كوردییەكان و كوردستانی سووریا لە كێشەیەكی گەورەدان، ڕۆشنبیر و گەنجی لێ نەماون، پیر و ژن و منداڵ لەوێ ماون، كورد بوون بە كەمینە و عەرەب زۆر بوون، عەرەب ٦٥% و ٧٠%ی كوردستانی ڕۆژئاوا پێك دێنن. 
نەك لە ماوەی ڕابردوودا، بەڵكو بۆ داهاتوویش ئێمە هیوامان نەماوە لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە شتێك بۆ كورد بكرێت، ئەوەی كە هیوامانە ئەوەیە لە كۆنگرەكانی جنێڤ و دەستووری سووریا شتێك بۆ كورد بكرێت، ئێستە پەكەكە دەیەوێ دەست لەوەش بەردات و ئەو هیوایەش بە تەواوەتی نەهێڵێت. 

پێشنیاری چی دەكەیت كە كورد بتوانێ لەوێ ڕووبەڕووی مەترسییەكان بێتەوە؟

بەداخەوە كورد هیچ شتێك لە سیاسەت نازانێت، هەر پڕۆژە و هەر پێشنیارێك ئێستە بدە بە ڕۆژئاوای كوردستان، پەكەكە دژایەتیی دەكات. ئەوەتا ئەمەریكا وازی لە ڕۆژئاوای كوردستان هێنا، بۆ بانگی هێزە كوردییەكان ناكات بڵێ وەرن ڕێككەوتنێك بكەین، ئەوەتا خۆپێشاندان دەكەن و وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان بەرز دەكەنەوە و دەچنە سەر سنوورەكان، لە جیاتی ئەوە پێویستە بڵێن لایەنەكان وەرن ڕێك بكەوین و شەڕی خۆمان دژی داگیركەران بكەین.

ئێستە كە بارودۆخەكە ئاوای لێ هاتووە، پێشمەرگەی ڕۆژ ناگەڕێتەوە ڕۆژئاوای كوردستان و مەترسییەكان لەسەری كەمتر ببنەوە؟

پێم وایە ئەمەریكایش نایەوێ پێشمەرگەی ڕۆژ بچنەوە كوردستانی ڕۆژئاوا، چونكە پێشمەرگەی ڕۆژ پڕۆگرام و بەرنامەیەكی كوردی و نەتەوەیی هەیە، ئەمەریكایش ئەو سەرئێشەیە بۆ خۆی دروست ناكات، چونكە ئەوەی پەكەكە بۆ ئەمەریكای دەكات پێشمەرگەی ڕۆژ بۆی ناكات، پێشمەرگەی ڕۆژ شەڕ بۆ ئەمەریكا ناكات، ئەمەریكاییەكان هاتنە لای سەرۆك بارزانی و ئەنەكەسە گوتیان وەرنە دێرەزوور و ڕەقە شەڕ بكەن، ئێمە گوتمان لەوێ شەڕ ناكەین چونكە شوێنی كوردی نین، ئەی ئەوان چۆن شەڕ دەكەن، دیار بوو بە پارە شەڕیان دەكرد.

ئایندەی ڕۆژئاوای كوردستان چۆن دەبینی؟

هەر ئەمەریكا بجووڵێت لە ڕۆژئاوا و دەستی خۆی شل بكات، هێرش دەكرێ و یەك كورد نامێنێت. لە سیاسەتیشدا هەموو شتێك چاوەڕوانكراوە. دەشتوانم ئەوە بڵێم هەبوونی پەكەكە لەوێ واتای نەبوونی كورد دەگەیەنێت.

وشە/ دیمانە- هەستی كەمال



وشە - وشه‌