قەدەغەی چەند جۆرێك دەرمان لە كوردستان ڕاگەیەنرا

:: PM:01:38:12/10/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات لە بەكارهێنانی چەند جۆرێك لە دەرمان و داوا لە هاووڵاتییان دەكات بەكاری نەهێنن.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی تشرینی یەكەم، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئاگەداری كڕین و بەكارهێنانی ئەو بەرهەمە ساختە و نایاساییانە بن كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێكلامی چڕیان بۆ دەكرێت و بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن، ئەو بەرهەمانە بە بەڵگەی شیكاریی و راپۆرتی نێودەوڵەتی بە هیچ جۆرێك سروشتی نین و دەرمانی شاراوەی مەترسیدار و قەدەغەكراویان بە بڕێكی زۆر تێدایە.

مەترسیی بوونی دەرمانی مەترسیدار و قەدەغەكراوی لێ دەكرێت 
ڕوون كراوەتەوە، ئەو بەرهەمانەی بۆ دابەزاندنی كێشی لەش رێكلامیان بۆ دەكرێت، مەترسیی بوونی دەرمانی مەترسیدار و قەدەغەكراوی لێ دەكرێت، وەك سیبوتڕامینSibutramine و فینۆڵفتالینPhenolphthaline و دایئەتیلپڕۆپیۆنDiathylpropion و دایمەتیل ئەمیل ئەمینDMAA و فینفلۆڕامین و دێكسفینفلۆڕامین Fenfluramine & Dexfenfluramine.

باس لەوە كراوە، مادەی فینۆڵفتالین دەبێتە هۆی شێرپەنجە، لە ساڵی 1997 ـەوە قەدەغە كراوە بۆ مرۆڤ بەكار بهێنرێت، هەروەها ئەو بەرهەمانەی بۆ زیادكردنی ئارەزووی سێكسی رێكلامیان بۆ دەكرێت، ئەو بەرهەمانەش ساختەن، بە دڵنیایی ماددەی ڤیاگرا و هاوشێوەكانی بەبڕێكی زۆر تێدایە كە مەترسیی لەسەر ژیانی بەكارهێنەر دروست دەكەن و دەبنە هۆی مردنی لەناكاو.




وشە - رامیار جەواد