لە تەواوی كوردستان بازاڕێكی كوردەواری بۆ بەرهەمی ناوخۆ دەكرێتەوە

:: AM:09:12:14/10/2019 ‌
جووتیاران بەرهەمەكانیان ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتییان دەفرۆشنەوە 

هێشتا جووتیارانی كوردستان ناڕەزایی لە نەفرۆشتنی بەرهەمەكانیان و گرانی نرخی "عموولە"ی عەلوەكانی شارەكانی كوردستان دەردەبڕن، بەڵام ساڵی داهاتوو ئەو كێشەیەی جووتیاران چارەسەر دەكرێ‌، ئەویش بەهۆی دروستكردنی چەند بازاڕێكی تایبەت بە ساغكردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكانە.

بەگوێرەی پڕۆژەیەك كە ئێستە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ‌ دەكرێ‌، تا ساڵی داهاتوو ژمارەیەك بازاڕی خۆماڵی بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییە ناوخۆییەكان دروست دەكرێ‌، بەجۆرێك ئەو جووتیارانەی بەروبوومیان هەیە، پێویست ناكات بچنە عەلوە، بەڵكو لەڕێی ئەو بازاڕەوە بەبێ‌ وەرگرتنی عموولە و كرێ‌، بەرهەمەكانیان ساغ دەكەنەوە. ئەوەیش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر داهاتی جووتیار دادەنێت.

وەزارەتی كشتوكاڵ: 
دەمانەوێ‌ ئیتر ڕاستەوخۆ جووتیار بەرهەمەكەی بفرۆشێتە هاووڵاتی و قازانجیان زۆرتر بێ

بۆ ئەوەی جووتیارێك بەرهەمەكانی ساغ بكاتەوە لە بازاڕ، ئێستە پێویستە بەرهەمەكەی بباتە عەلوەكان و لەوێ‌ جیا لە عموولە، كرێی قەپان و شوێنی خستنەڕوو و چەندان جۆر پارەی تری لێ‌ وەردەگیرێ‌، بەوەیش قازانجی جووتیار نامێنێ.

موشیر سەلیم جووتیارێكی دەشتی هەولێرە و دەڵێت، ئێستە بەشێكی زۆر لە قازانجی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بۆ عەلوە دەڕوات، بەبێ‌ ئەوەی هیچ حیسابێك بۆ جووتیار بكرێ‌. 

ئەو بۆ "وشە" ڕوونی كردەوە، لەكاتی چوونی جووتیار بۆ عەلوەكان، كۆمەڵێك كرێ‌ و عموولەی لێ‌ وەردەگیرێ‌ و دواتر قازانجی زۆری بۆ نامێنێتەوە. وەك موشیر ئاماژەی كرد، "ئێستە بەشێكی زۆر لە جووتیاران بەشێكی بەرهەمەكەیان لەسەر شەقامەكان دەفرۆشن، یان لە ڕێوبانی دەرەوەی شار، تا دووربن لە عموولە و كرێی جۆراوجۆر لە عەلوەكاندا".

جووتیارێك:
نرخی عموولە زۆرە و قازانجمان كەمە

ئەو جووتیارە دروستكردنی عەلوەیەك بۆ بەرهەمی ناوخۆی و دوور لە بەرهەمی كشتوكاڵی هاوردە، بە پێویست دەزانێت و پێی وایە "سوود بە جووتیار دەگەیەنێت".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هیچ شار و شارۆكەیەك بێبەش نابێت لەو بازاڕە و ڕاستەوخۆ بازاڕەكە لەلایەن جووتیارانەوە بەڕێوە دەبرێ‌. 

پەرلەمانتارێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، ڕاگرتنی هاوردەی بەروبوومی دەرەكی چارەسەری تەواو نییە تا خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆی بەرز بێتەوە، بەڵكو دروستكردنی بازاڕی تایبەت بۆ بەرهەمی ناوخۆ، دەتوانێ‌ باشتر سوود بە جووتیار بگەیەنێت.
یاسین خدر بە"وشە"ی ڕاگەیاند، لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ سەرقاڵی تاوتوێكردنی پڕۆژەیەكی ستراتیجین بۆ سوودگەیاندن بە جووتیارانی كوردستان، ئەویش بە بازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵییە و بەهۆیەوە هیچ بەرهەمێكی خۆماڵی ناچێتە عەلوەكان.

ڕوونی كردەوە، "بازاڕكردنی كوردەواری لە هەموو شارەكانی كوردستان دەكرێتەوە و جووتیار هیچ عموولەیەكی ناكەوێتە سەر، لەو بازاڕەدا هیچ بەروبوومێكی دەرەوە قبووڵ ناكرێ".

پەرلەمانتارەكە گوتی، دوای ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە، ڕێكخستنەوە بۆ عەلوەكان ئەو عموولەیە دەكرێ‌ كە لە جووتیار وەردەگیرێ‌، چونكە ئێستە لە هەر شارێك جۆرێك پارە وەردەگیرێ.

هەرچی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، پشتگیری لەو پڕۆژەیە دەكات و گوتەبێژی وەزارەتەكە دووپاتی دەكاتەوە، ساڵی داهاتوو ئەو پڕۆژەیە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و جووتیار لەو عموولە زۆرەی عەلوەكان ڕزگاری دەبێت.
حوسێن حەمەكەریم، بە"وشە"ی گوت، ئەو پڕۆژەیە لە چەند ئاراستەیەكەوە كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.
جووتیار ڕاستەوخۆ بەرهەمەكەی دەفرۆشێت بە هاووڵاتیی بەبێ‌ ئەوەی دوو دەستی تر ڕۆڵی تێدا ببینن

ڕوونی كردەوە كە ئەو پڕۆژەیە وەك بازاڕێكی هەفتانەیە، جووتیار ڕاستەوخۆ بەرهەمەكەی دەفرۆشێت بە هاووڵاتیی بەبێ‌ ئەوەی دوو دەستی تر ڕۆڵی تێدا ببینن، چونكە ئێستە جووتیار كە بەرهەمێك دەفرۆشێت دەیباتە عەلوە و عەلوە كرێی خۆی لێ‌ وەردەگرێ‌ و بەقاڵیش هەروا، بۆیە بەشێكی زۆری داهاتی ئێستەی جووتیاران عەلوە و بەقاڵەكان دەیبەن و گرانتر دەكەوێتە دەستی هاووڵاتییان.

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ گوتی، دەمانەوێ‌ ئیتر ڕاستەوخۆ جووتیار بەرهەمەكەی بفرۆشێتە هاووڵاتی و قازانجیان زۆرتر بێ، ئەوەیش گونجاوترە لەو شێوەی كە ئێستە هەیە، چونكە لەو حاڵەتەدا عموولەی عەلوەكان نامێنێت و بەقاڵیش هەرزانتر بەرهەمەكەی دەفرۆشێتە هاووڵاتییان.

باسی لەوەیش كرد كە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە هەندێك وردەكاری هەیە، هەوڵ هەیە تا ساڵی داهاتوو بەتەواوی ئەو پڕۆژەیە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم