تاسەی نێوان شارەکان بوون بە مۆتەکە بەسەر گیانی هاووڵاتییانەوە

:: PM:02:25:14/10/2019 ‌
لەسەر ڕێگاكانی دەرەوەی شار بە تایبەتی لە نێوان شارەكان كە خواردنگە و چێشتخانەكانی لێیە، لە بەردەم چێشتخانەكان تاسەی نایاسایی بەرز و دوور لە مەرج و ڕێنماییەكان دروستكراوە و ئەو تاسانە بونەتە گرفت لە بەردەم هاتوچۆ و شۆفێران و زیانیان بە هاوڵاتییان گەیاندووە.

بەهۆی بەرزی و نا ئەندازەیی ئەو تاسانە، ئۆتۆمبێلە نزمەكان هەر چۆنێك لێی بدەن ژێرەوەی ئۆتۆمبێلەكە دەدات لە تاسەكان و زیان بە شۆفێر و ئۆتۆمبێلەكە دەكەوێت، سەرەڕای ئەوەی ئەگەر شۆفێرێك ناشارەزابێت و بەخێرایی لێی بدات ئەگەری وەرگەڕان و ڕووداوی هاتوچۆی لێ دەكەوێتەوە و لایەنە پێوەندیدارەكانیش باس لەوە دەكەن، ئەو تاسانە نایاساین و لێپرسینەوەمان كردووە.

هەر خواردنگەیەکی سەر رێگە تاسەیەکی نایاسایی دروست کردووە
ئەمڕۆ دووشەم 14ی تشرینی یەکەم، جەمال ڕەزا بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو تاسانەی كە لە ڕێگاكانی دەرەوەی سلێمانی دروست كراون، بەتایبەت لەو ناوچانەی كە خواردنگەکانی لێیە، سەرجەمیان نایاسایین و بەپێی مەرج و ڕێنماییەكانی لایەنی پێوەندیدار دروست نەكراون و گرفتی هاتوچۆ دروست دەكەن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، كاتێك بمانەوێت ڕێگاكانی دەرەوە چاك بكەین و چاكسازی بكەین، ئەگەر ئەو تاسانە بكەوێتە ناو ئیشەكەوە لایان دەبەین، بەڵام دوای تەواوبوونی ئیشەكەمان دووبارە دروستی دەكەنەوە، ئەو تاسانە گرفتی هاتوچۆ دروست دەكەن چونكە بەرزن و بەدورن لە سەلامەتی هاتوچۆ.

"چەندینجار لایەنی پێوەندیدار كە یەكە ئیدارییەكانە، ئاگادارمان كردونەتەوە لەو حاڵەتە، بەشێك لەوانە لێپرسینەوەیان كردووە بەڵام، هەندێك لە خواردنگەكان هێشتا ئەو تاسانە لە بەردەم یان لە نزیك خواردنگەكانیان ماون و لانەبراون" جەمال رەزا وای گوت.

هەندێک لە تاسەکان هەرچۆنێک بەسەریدا بڕۆیت ژێر ئۆتۆمبێلەکەت دەگرێت
لە سنووری ئیداری هەولێر لەسەر رێگەی نێوان سلێمانی هەولێر کۆمەڵێک تاسەی بەرز و نایاسایی دروست کراون کە غەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر رێگەکە دروست کردووە بەرزییان تا رادەیەکە دەبێ سەیارە لە تەنیشتەوە بەسەریدا بڕوات، "وشە" پێوەندی بە هونەر نووری بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێرەوە کرد و ناوبراو رای گەیاند، ئەوە پیوەندی بە ئێمەوە نییە و لە دەسەڵاتی قایمقامیەتەکاندایە.

ڕەمەك ڕەمەزان، قایمقامی شارۆكەی چەمچەماڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەبڕیارێكی ئیدارەی شارەكە و لیژنەی ئەمنی ناوچەكە، تەواوی ئەو تاسانەی كە نایاسایین و لە بەردەم خواردنگەکان دروستكراون و دەكەونە ناو دەسەڵاتی شارۆكەی چەمچەماڵ، سەرجەمیان لابراون و لە ڕابردووش هەڵمەتی لابردن ئەنجامدراوە بۆ ئەو تاسانە. 

قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێ، بە بڕیارێكی ئیدارەی شارەكە و لیژنەی تەناهی ناوچەكە، تەواوی ئەو تاسانەی كە نایاساین و دروستكراون لە بەردەم خواردنگە و ڕێستۆرانتەكان كە دەكەونە ناو دەسەڵاتی شارۆكەی چەمچەماڵ، سەرجەمیان لابراون و لە ڕابردووش هەڵمەتی لابردن ئەنجامدرا بۆ ئەو تاسانە.

دووپات لەوەیش دەکاتەوە، بەشێك لەو تاسانەی كە لە بەردەم خواردنگەكان لە سنووری دەسەڵاتی ئێمەدان و دروستكراون یاسایین و هیچ كێشەیان نییە و هاتوچۆ خۆی دروستی كردون.

قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، لەدوای ئەو بڕیارەوە هەر خواردنگە و چێشتخانەیەك تاسەی نایاسایی دروست بكات و دووربێت لە مەرج و ڕێنماییەكان ئێمە و هاتوچۆ، بە بڕی 150 هەزار دینار پێبژاردن سزا دەدرێن.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی

 


 




وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 222 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌