ترەمپ لە تووڕەییان خەو نەچووەتە چاوی

:: AM:10:51:17/10/2019 ‌

دوای بڕیارەكەی شەوی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، ترەمپ كۆمەڵێك تویتی لە دژی ئەوانە بڵاو كردووەتەوە كە سەركۆنەیان كردووە و لە تویتەكانی و كاتی بڵاوبوونەوەیان دەردەكەوێت ئەو كابرایە هێشتا نەنوستووە، لە كاتێكدا پێنج سەعاتیش دەبێ خەڵكی ئەمەریكا خەوتوون.

شەوی رابردوو لە كۆبوونەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، زۆربەی نوێنەرانی دیموكرات و كۆمارییەكان بەیەكەوە  بڕیاری بەجێهێشتنی كورد و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایان لەلایەن ترەمپیان سەركۆنە كرد. 354 دەنگ لە دژی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەنگیان دا لە بەرانبەردا 60 نوێنەر پاڵپشتیان لە ترەمپ كرد.

كۆمارییەكان و دیموكراتەكان لە زۆر بواردا كێشەیان لەگەڵ یەكتری هەیە، بەڵام لەو بڕیارەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە سووریا دای تەنانەت كۆمارییەكانیش لەگەڵ دیموكراتەكان هاوهەڵویست بوون و ئەمەش دۆناڵد ترەمپی زۆر تووڕە كرد.

لەو كاتەوە بڕیارەكەی ترەمپ رەت كراوەتەوە، ئەو كابرایە هەدادانی نییە و ئێستە كە خەڵك لە ئەمەریكا نوستوون و پشوو دەدەن، ئەو لە نووسینی تویتەكانی بەردەوامە و پێ دەچێت لە خواردنەوەی قاوەشدا زێدەڕۆیی كردبێت.

لە سەردەمی باراك ئۆباما بەو سیاسەتەی لە سووریا گرتیەبەر سەرووی 500 هەزار كەس لە خەڵكی بە كوشتن دا


یەكێك لە تویتەكانی دوو سەعات لەمەوبەر بڵاو كراوەتەوە و پێی سەیرە بۆچی دەبێت تا ئەو ئاستە دژایەتی بڕیارەكەی بكرێت. ئەو دەنووسێت لە سەردەمی باراك ئۆباما بەو سیاسەتەی لە سووریا گرتیەبەر سەرووی 500 هەزار كەس لە خەڵكی بە كوشتن دا، كەچی كەس متەقی لێوە نەهات  و میدیاكان بێدەنگ بوون و ئەو رەخنەیەی لە 72 سەعاتی رابردوو لە سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە سووریا گیراوە، هێندە زۆرە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردووی شەڕ هێندە رەخنە و سەركۆنە بڵاو نەكراوەتەوە.

دواین تویتی ترەمپ كە سەعاتێك لەمەوبەر نووسراوە، دەڵێ یەكێك پێم ناڵی چی روو دەدات، ئاخر هیچ كەسێك وەك من هەوڵی پاراستنی هێزەكانی ئەمەریكا و كۆتاهێنان بە جەنگەكانی نەداوە، بە تایبەت دیموكراتەكان خۆ زۆریان حەز لەو سیاسەتەی من بووە و لەگەڵ دروستكردنی دیوار بوون . مەبەستی ترەمپ ئەوەیە نەدەبوو بەو شێوەیە سەركۆنە بكرایە و تا ئەو ئاستە دیموكرات و كۆمارییەكان لە دژی هەڵویستیان وەرنەگرتایە.

ئەو ژنە شێت بووە و لەوانەشە نەخۆش بێت و پێویستی بە چارەسەری هەبێت


ئەو لە تویتێكدا قسەی ناشیرین بە نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا دەڵێت و دەنووسێت، لە نهۆمی سەرەوەی لەشی كێشەیەك هەیە، مەبەستییەتی بڵی ئەو ژنە شێت بووە و لەوانەشە نەخۆش بێت و پێویستی بە چارەسەری هەبێت و رەخنەی توند لە پیلۆسی دەگرێ و پێی دەڵێ، وەك ئەوە وایە ئەمەریكای خۆش نەوێت. ترەمپ لە تویتەكەدا داوا لە خەڵك دەكات نزای بۆ بكەن چاك بێتەوە.

جێی باسە لە نۆی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دوای بڕیاری كشانەوەی ترەمپ لە سووریا، سوپای توركیا و ئەو میلیشیا عەرەبانەی توركیا پاڵپشتییان دەكات، هێرشیان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەست پێ كرد و ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 300 هەزار كەس لە خەڵكی سڤیل و شەهیدبوونی سەدان كەس.

ئەم سیاسەتەی دۆناڵد ترەمپ لە بەردانی پشتی كورد كە بە گرنگترین هاوپەیمانی ئەمەریكا لە شەڕی دژی داعش هەژمار دەكرا، زۆرترین رەخنەی بەدوای خۆیدا هێنا و تەنانەت زۆر لە سیناتۆر و بەرپرسی باڵای ئەمەریكا ئەو بڕیارەی ترەمپیان بە بڕیارێكی زۆر گەمژانە هەژمار كرد.

بە تەنیا مانەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات هۆكار بوو لەوەی ئەو هێزانەش لە ئەمەریكا نائومێد بن و بە ناچاری لەگەڵ رووسیا و بەشار ئەسەد ریككەوتنێك بكەن و رێ بە هیزەكانی سوپای سووریا  و رووسیا بدەن بێنە خاكی رۆژئاوای كوردستان. 

رێك دوای ئەم رێككەوتنە ترەمپیش تووڕەیی خۆی بەسەر توركیا هەڵڕشت و گوتی پێشتر لە دەرەنجامەكانی ئەم هێرشە ئاگاداری كردبوونەوە و سزای قورسی بەسەر حكوومەتی توركیا سەپاند.

شەوی رابردووش نامەیەكی ترەمپ بڵاو كرایەوە كە لە نۆی مانگ بۆ ئەردۆغانی نووسیبوو و لە نامەكەدا باس لە هەوڵ و ماندووبوونەكانی خۆی دەكات لە چارەسەركردنی كێشەی نێوان توركیا و رۆژئاوای كوردستان و داوا لە ئەردۆغان دەكات لەگەڵ كورد رێك بكەوێت و قسەكەی لە زەوی نەدات، چونكە مەزڵوم كۆبانێش رازی بووە سازش لە زۆر شتدا بكات كە پێشتر نەیكردووە.

 لە نامەكەدا ترەمپ زۆر شت بیر ئەردۆغان دەهێنێتەوە و پێی دەڵێت سبەی رۆژی بەرپرسیارێتی رووخانی ئابووری توركیا هەڵناگرێت و ئاگاداری دەكاتەوە هەنگاوی هەڵە نەنێت. هەندێك سزا بیر ئەردۆغان دەهێنێتەوە كە كاتی خۆی لەسەر قەشەیەك سەپاندبووی لە كۆتایی نامەكەشدا دووپات لەوە دەكاتەوە كە لە كەرێ شەیتان دابەزێت و چیتر خۆی كەر نەكات.



وشە - سلێمان تاشان