تێچووی دروستكردنی ئایفۆن 11 پڕۆ ماكس ئاشكرا كرا

:: AM:11:26:17/10/2019 ‌
مۆبایلی ئایفۆن 11 پڕۆ ماكس، نوێترین بەرهەمی مۆبایلی زیرەكی كۆمپانیای ئەپڵە و نرخەكەی لە بازاڕدا نزیكەی هەزار و 500 دۆلارە، بەڵام كۆمپانیاكە ئاشكرای كردووە تێچوونی هەر مۆبایلێك نزیكەی 500 دۆلاری ئەمەریكییە.

تا ئێستە بیرت لەوە كردووەتەوە كە تێچووی راستەقینەی دروستكردنی مۆبایل چەندە، بیرت لەوە كردووەتەوە كە كۆمپانیای ئەپڵ دروستكەری مۆبایلی ئایفۆن، چەند پارە لە دروستكردنی یەك مۆبایل خەرج دەكات. ئەو زانیارییانە ئێستە بەردەستن و دەتوانین لەوە تێبگەین كە كۆمپانیای زەبەلاحی دروستكەری ئایفۆن، دروستكردنی هەر مۆبایلێكی چەند لەسەر دەكەوێت.

دروستكردنی هەر مۆبایلێكی ئایفۆن 11 پڕۆ ماكس لەسەر كۆمپانیای ئەپڵ 490.5 دۆلار دەكەوێت

 بە كورتییەكەی ئەوەیە، كۆمپانیای ئەپڵ زیاتر لە نیوەی نرخی مۆبایلی ئایفۆن 11 پڕۆ ماكس قازانج دەكات، بەگوێرەی زانیارییە بەردەستەكان كە (ئێن لای سی نیوز) و ( كۆمپانیای "تێك ئین سایتس) بڵاویان كردووەتەوە، دروستكردنی هەر مۆبایلێكی ئایفۆن 11 پڕۆ ماكس لەسەر كۆمپانیای ئەپڵ 490.5 دۆلار دەكەوێت، ئەوە تەنیا تێچووی دروستكردنە بێ تێچووی گواستنەوە و ئەوانەی كار لە پێكەوەبەستن و شتی تر دەكەن.

ئەو نرخە لە كاتێكدایە نرخی فرۆشتنی مۆبایلەكە بە كڕیاران لە بازاڕەكاندا بە هەزار و 249 تا هەزار و 449 دۆلارە، واتە تا 15 وەرەقەیە.

 كۆمپانیای ئەپڵ دەڵێ، گرانترین بەشی مۆبایلەكە كە تێچووی زۆر لەسەر كۆمپانیایەكە كەوتووە، كامێرایەكەیەتی كە تایبەت بۆ كۆمپانیای ئەپڵ دروست كراوە و خاوەن توانایەكی ئێجگار بەرزە و نرخەكەی دەگاتە 73 دۆلار و 50 سەنت. 

 دوای كامێراكەی، ئەوا شاشەكەیەتی كە لە جۆری "سوپەر ریتنا ئێكس دی ئاڕ"ـە، نرخەكەی دەگاتە 66 دۆلار و 50 سەنت، دوای ئەویش بەرگی پشتەوەی مۆبایلەكە دێت كە لە مادەی "ئای 13 بیونیك"ـی بەهێز دروست كراوە و نرخەكەی لەسەر ئەپڵ بە 64 دۆلار كەوتووە، بەو پێیەش بێت، ئەوا تەنیا سێ پارچەی مۆبایلەكە نرخەكەیان لەسەر كۆمپانیای دروستكەر 204 دۆلارە و بەشەكانی تریش 285 دۆلار و پێنج سەنتە. 



وشە - فه‌رمان سادق