فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی دەربەندیخان بەڕێوە دەچێت

:: PM:02:27:17/10/2019 ‌
شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی دەربەندیخان ڕۆژی 22 ی تشرینی یەكەم بە بەشداری 21 نمایشی شانۆیی ناوخۆیی و دەرەوە بەڕێوە دەچێت و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت.

لە فێستیڤاڵەکەدا 21 شانۆ نمایش دەکری 11یان ناوخۆیین
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی تشرینی یەكەم ئاراس عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری هونەری ئەم فێستیڤاڵە تایبەت بە "وشە" ی ڕاگەیاند، شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆیی شەقامی دەربەندیخان بڕیارە لە 22ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت و  ماوەی سێ ڕۆژ بخایەنێت، ئەم فێستیڤاڵە 21 نمایشی شانۆیی لە خۆی دەگرێت كە 11 نمایش لە ناوخۆی هەرێمن و لە دهۆكەوە تا خورماتوو تێیدا بەشدارن.

جگە لە ناوخۆیی هەرێم 10 شانۆی دەرەوەی وڵات بەشدارن وەك بەغدا و كەربەلا و ئێران و توونس و لبنان و ئیتاڵیا و ئیسپانیا، هەروەها كارێكی شانۆیی چیلی ئەمەریكای لاتینی تێیدا بەشدارە، جگە لەمانەش چەندان سیمینار و وۆركشۆپ لە فێستیڤاڵەكەدا بەڕێوە دەچێت، ئاراس عەبدولڕەحمان وای گوت.

زیاتر ڕوونی كردەوە، شەشەمین فێستیڤاڵی شانۆیی شەقامی نێودەوڵەتی دەربەندیخان لە ڕووی پاڵپشتی و هاوسۆزی و هەستی نەتەوایەتییەوه، پێشكەشی خەبات و بەرخودانی ڕۆژئاوای دەكەین و ماندووبوونی خۆبەخشانەی سەرجەم ستافی فێستیڤاڵ و كاركردنی چوار مانگ و سەرقاڵیمان هیچ نیه له چاو دڵۆپێك خوێنی مروڤێكی هاوخوێن و هاونیشتمانیمان له زەوییە خوێناوییه پڕ بەرخودانەكەی پارچه خوشەویستەكەی ڕۆژئاوامان.

ئاراس عەبدولڕەحمان ئەوەیشی دووپات كردەوە، ئێمه له ئیدارەی فێستیڤاڵ ڕەچاوی بارودۆخی هەستی خۆمان و هاونیشتمانی و هاوشاری و مێوانەكانیشمان دەكەین و له پرۆگرامی فێستیڤاڵ بەفەرمی بڕگەی تێدایه بۆ ڕۆژئاوا و كاره هونەرییەكان جگه له بیانییەكان دڵنیام بە ڕستەیەكیش بێت ڕۆژئاوا دێته ناوی و  هەڵپەڕكێ و ئاواز و گۆرانی له ڕۆحی ڕۆژئاواوه نزیك دەبن.

وشە/ گەرمیان گلی


وشە - هیدایه‌ت جان