شەوی ڕابردوو لە ڕووداوێكی تەمومژاویدا تەرمی ئامانج بابانی پێشكەشكاری كەناڵی نالیا و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵەكەیان لە ناو ئۆتۆمبێلێك دۆزرایەوە، دوای ڕووداوەكە چەندان گومان و شیكاری بۆ ئەو ڕووداوە كرا. "وشە" لێرە سەرنج دەخاتە سەر شیكردنەوە بە زمانی جەستەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی پۆلیسی سلێمانی.
كۆنگرەكە شپرزەیی دەروونی و ناڕێكخراوەیی و سەیركردنی زۆر بۆخوارەوە پێوە دیاربوو
پۆلیسی سلێمانی پاش 24 سەعات لە ڕووداوەكە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و ڕایان گەیاند، ڕووداوەكە خۆكوژی بووە، بەڵام ئەوە گومانی لای خەڵكی نەڕواندەوە، بەڵكو هاووڵاتییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕایان گەیاند، قسەكانی پۆلیس گومانەكانی زیاتر كرد كاتێك دەڵێن " كێشەی خێزانییە و ناتوانن هیچی لەسەر ئاشكرا بكەن".
بۆ شیكردنەوەی زمانی جەستەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی بەرێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، هاوكار رەفیق شارەزا لە زمانی جەستە چەند خاڵێك دەخاتەڕوو و دەڵێت، كۆنگرەكە شپرزەیی دەروونی و ناڕێكخراوەیی و سەیركردنی زۆر بۆخوارەوە پێوە دیاربوو، هەروەها لەو كاتەدا كە گوتی كارێكی خۆكوژی بووە پێوەندی چاوی پچراند.
سەر دادەخات و شپرزەیە و دەنگی ناڕوونە
هەروەك ئاماژە بەوە دەكات، بۆ باسكردن لەوەی ئۆتۆمبێلەكە لە دەرەوە هیچ گولەیەكی پێوە نیە بە هەمانشێوە دەنگی بەرز دەكاتەوە، بەڵام كاتێك گوتی كردەوەكە خۆكوژییە و باس لەو فیشەكانە دەكات كە چۆن بە ئامانج و لانە كەوتوون سەر دادەخات و شپرزەیە و دەنگی ناڕوونە، هەروەك بە شپرزەیی بەڵگەكانی بەردەستی تاوتوێ دەكات.
دووپات دەكاتەوە كە بە پێی زانستی زمانی جەستە لەكاتی دڵەراوكێ و توڕەیی و ناڕاستی گوتندا ئەم حاڵەتانە ڕوو دەدات و مرۆڤێكی ئاسایی لە خولەكێكدا هەشت بۆ ١٢ جار چاو دەتروكێنێت، بەڵام لێرە تروكانەكە لەو ڕێژەیە زۆر زۆر زیاترە.