شنیا هۆشیار: شانۆ لە كوردستان لە تەنگژەدایە

:: AM:09:05:19/10/2019 ‌

شنیا هۆشیار /23 ساڵ/ شانۆكار و لە دایكبووی هەڵەبجە، لە چەندان شانۆ و فێستیڤاڵدا بەشداری كردووە، نزیكترینیان فێستیڤاڵی شانۆیی كەركووك بوو بەناوی "خولی جیهاد دڵپاك" 2018 – 2019 و تێیدا خەڵاتی ئاڵتوونی باشترین ئەكتەری كچی پێ بەخشرا. شنیا لەم دیمانەیەی "وشە"دا دەڵێ، "لە كوردستان وەك پێویست گرنگی بە شانۆ نادرێ و‌ ئێستە شانۆ لە تەنگژەدایە.

دەستپێكت لە بواری شانۆ بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لە كازیوەی منداڵانی هەڵەبجە دەستم بە كاری هونەری كرد، ئەوكاتە لە چەندان گرووپدا بەشدار بووم، وەك "سەمای بالێ، شانۆی منداڵان و.. هتد"، باوكیشم هەمیشە پاڵپشتم بووە و ئێستەیش هاوسەرەكەم پاڵپشتێكی تەواومە لە بوارەكەدا.

لە ڕووی ئەكادیمییەوە هیچ شارەزاییەكی ئەو بوارەت هەیە؟

من دەرچووی بەشی "شانۆ"ـم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەڵەبجە. هەروەها لە زۆر كاری هونەریشدا بەشداریم كردووە، دیارترینیان شانۆی "چیڕۆكی مردن لە بەهەشتدا، پرتەقاڵی خوێن، خۆشەویستی لە دابق، زیندان و قیامەت".

جگە لە شانۆ، لە چ بوارێكی تری هونەری كارت كردووە؟

لە سینەما و لە سەمای بالێ بەشداریم كردووە.

حەز دەكەی ببی بە سینەماكار؟

نەخێر، لەبەرئەوەی حەز دەكەم هەر لە بوارەكەی خۆمدا كار بكەم، بۆیە شانۆم هەڵبژاردووە.

لە كارە شانۆییەكانت هیچ خەڵاتێكت بەدەست هێناوە؟

بەڵێ خەڵاتی ناوەندی "غەزەلنووس"ـم بۆ ئەكتەری كچ ساڵی 2017 – 2018 لە شانۆی "پرتەقاڵی خوێن"ـدا بردووەتەوە، دوای ئەویش لە فێستیڤاڵی شانۆیی كەركووك بەناونیشانی خولی جیهاد دڵپاك ساڵی 2018 – 2019، خەڵاتی ئاڵتوونیم وەك باشترین ئەكتەری كچ بردووەتەوە.

بە بۆچوونی تۆ خەڵك لە كوردستان چۆن لە شانۆ دەڕوانن؟

لە كوردستان شانۆ هێشتا ماوە بگات بەو ئاستەی چاوەڕوانی دەكەین، شانۆ ئێستە ئەو قورساییەی نەماوە كە جاران هەیبوو، هەرچەندە خۆشبەختانە بەشێك لە هاووڵاتییانی كوردستان گرنگی بە شانۆ دەدەن.

بەهۆی شانۆوە هیچ كات ڕووبەڕووی سەختییەكانی ژیان بوویتەوە؟

زۆربەی كات لەگەڵ هاوڕێكانم ڕووبەڕووی زۆر كێشە بووینەتەوە، بەڵام نەمانهێشتووە ئەو ڕێگرییانە ببنە بەربەست، بگرە توانامان زۆرتر بووە بۆ كارەكانمان.

كەواتە لە هەرێمی كوردستان و شاری هەڵەبجە شانۆ لە چ دۆخێكدایە؟

بەشێوەیەكی گشتی شانۆ لە كوردستان ئەگەر وەك ئێستە بێت، ئەوە لە تەنگژەدایە، بەڵام لەناو پارێزگای هەڵەبجەدا بەشێوەیەكی گشتی گرنگی بە هونەر دەدرێت، بەتایبەتی شانۆ، ئێمە وەك شانۆكارانی هەڵەبجە لە 2011 گرووپێكمان دامەزراندووە بە ناوی گرووپی "پانتایی شانۆی واڵا" كە چەندان شانۆكاری كچ و كوڕ لەخۆ دەگرێ، بەڵام ئەوەی جێی داخە تا ئێستە لەم پارێزگایەدا هۆڵێكی شیاو نییە بۆ شانۆكاران، ئەگەر شانۆ بەڕووی ڕاستەقینەی خەڵكدا پێشان بدرێ و دەست بخاتە سەر یەك بەیەكی ئازارەكانی خەڵك، ئەوە ڕۆڵێكی گەورەی دەبێ، بەڵام ئەگەر ئاوایش نەكرێ، كارەسات دروست دەكات.

وشە/دیمانەی محەمەد جەمال















وشە - وشه‌