لیژنەی كۆكردنەوەی سامان و دارایی یەكێتیی هەڵوەشایەوە

:: AM:10:12:19/10/2019 ‌
جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بڕیارێك هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی كۆكردنەوەی سامان و دارایی یەكێتیی دەردەكات.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی تشرینی یەكەم، بەپێی بڕیاری ژمارە 993ـی كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی كۆكردنەوەی سامان و دارایی یەكێتیی دەرچووە.

بڕیارمان دا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێشوومان لەبارەی لیژنەی دارایی 

لە بڕیارەكەدا هاتووە، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێمان دراوە لە مادەی 28 بڕگەی دوو پێڕەوی پەسەندكراوی كۆنگرەی سێیەم، بڕیارمان دا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێشوومان لەبارەی لیژنەی دارایی لە 5/12/2018، ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ دەكرێ لە ڕۆژی دەرچوونیەوە.

لە بڕیارەكەی پێكهێنانی لیژنەی كۆكردنەوەی سامان و دارایی یەكێتیی دەرچووبوو لیژنەیەك بۆ دیاریكردن و كۆكردنەوەی دارایی و سامانی یەكێتیی بە گشت موڵك و ماڵ و سەرمایە و كارگە و پڕۆژەی كارا و ناكارا كارایان دەكرد.

لیژنەكە پێكهاتبوو لە لاهوور جەنگی و شاڵاو كۆسرەت و عەدنانی حەمەی مینا و دلێر سەید مەجید و شۆڕش ئیسماعیل و ڕەفعەت عەبدوڵا و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و حاكم قادر.

هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە ئێستە دەنگۆی زۆر هەیە یەكێتیی كۆنگرەی چوارەمی هەڵوەشێنێتەوە كە بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ ئەنجامی بدات.






وشە - رامیار جەواد