ئەردۆغان دەڵێ ناوچەی ئارام زۆر بەرفراوانترە لەوەی ئەمەریكییەكان باسی دەكەن

:: AM:10:14:19/10/2019 ‌

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئاشكرای كرد كە ناوچەی ئارام زۆر لەوە بەرفراوانترە كە ئەمەریكییەكان باسی دەكەن. لێدوانەكەی ئەردۆغان لە دوای ئەو رێككەوتنە دێت كە لەگەڵ ئەمەریكییەكان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست ئەنجامی دا.

ئەو باسی لەوەش كردووە كە 12 بنكەی سەربازی دادەمەزرێنێت و چاودێری ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان دەكات.

بەگوێرەی رێككەوتنەكەی ئەمەریكا و توركیا، بۆ پێنج رۆژ ئاگربەست رادەگەیەنرێت و ناوچەی ئارامیش بە قووڵایی 32  كیلۆمەتر لە رۆژئاوای كوردستان دادەمەزرێت و هێزە كوردییەكانیش دەبێت لەو ناوچەیە پاشەكشە بكەن.
هیچ نییە هەندێك تەقە و رووبەڕووبوونەوە هەبووە، ئەویش كۆتایی هاتووە

جێی باسە سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست هێشتا شەڕ بە تایبەتی لە سەرێ كانی نەوەستاوە و دۆناڵد ترەمپیش لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵ ئەردۆغان كردووە و ئەویش گوتوویەتی هیچ نییە هەندێك تەقە و رووبەڕووبوونەوە هەبووە، ئەویش كۆتایی هاتووە.

ئەمە لە كاتێكدایە سەرچاوە كوردییەكان و سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەكەن هێشتا ناوچە كوردییەكان لە لایەن توركیاوە بۆردمان دەكرێن.

بەگوێرەی "بی بی سی" ئەردۆغان پێداگری لەوەش كردووە كە دوو ملیۆن ئاوارەی عەرەب لە ناوچەی ئارام نیشتەجێ دەكات. 

پێویستە بگوترێت هێرشەكەی توركیا نەك هیچ چارەیەكی ئاوارەكانی نەكردووە، بەڵكو بە سەدان هەزار كەسی تری ئاوارە كردووە.



وشە - سلێمان تاشان