بەغدا گرەنتی ناردنی بودجەی كوردستان دەداتە هەولێر

:: AM:10:35:19/10/2019 ‌
حكوومەتی هەرێم بۆ مسۆگەركردنی بەشە بودجەی ساڵی داهاتوو، دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم حكوومەتی عێراق و بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێ، گرەنتی وەرگیراوە كە حكوومەتی عێراق لە ناردنی بەشە بودجەی كوردستان بەردەوام دەبێت.

ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەردەوام دەبێت
ئەمڕۆ شەموو 19ی تشرینی یەكەم، محەمەد سەعدەدین  بڕیاردەری لیژنەی دارایی‌ پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، دانوستاندنەكانی هەولێر و بەغدا بەردەوامن بۆ رێككەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دوو بژاردەی خستۆووەتە بەردەم حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی یەكێكیان پەسەند بكەن و جگە لەو دوو بژاردەیە بژاردەی سێیەم نییە، بەڵام هەر چۆنێك بێت گرەنتی وەرگیراوە كە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەردەوام دەبێت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو بژاردانەی هەولێر خستوویەتە بەردەستی ناوەندەوە بەو شێوەیەن، حكوومەتی هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات و ئەوانیش بەشە بودجەی هەرێم بەتەواوی رەوانە بكەن و قەرزەكانی هەرێمیش بدەنەوە و ئەگەر ئەمە نەكەن، رێككەوتنی ئەمساڵ جێبەجێ بكرێت و بەوشێوەی ئێستە بەغدا مانگانە بەشێكی مووچەی فەرمانبەران رەوانە بكات، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بەغدا یەكێك لە بژاردەكان پەسند بكات.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی‌ پەرلەمانی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، ئێمە وەك پەرلەمانی كوردستان به ‌هەموو شێوەیەك پشتگیری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن، چونكە ئەوەی پێشتر بەغدا كردوویەتی نایاسایی و نادەستووری بووە و هەستیان بەوە كردووە، بۆیە ئەوەی كراوە دووبارە نابێتەوە و ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم


وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 7370 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌