نالیا: راپۆرتی دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی بە بڕیاری كۆتایی نازانین

:: PM:01:33:19/10/2019 ‌

 

دوای سی رۆژ لە كوژرانی رۆژنامەنووس ئامانج بابانی پێشكەشكاری كەناڵی ئێن ئارتی و هاوژین و منداڵەكەی، دەزگای میدیای نالیا داوای لێكۆڵینەوەی وردتر دەكا لەو رووداوە گوماناوییە، هاوكات بڕیاری دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی بە بڕیاری كۆتایی وەرناگرن لە هەمبەر ئەو رووداوە.

پێویستە لێکۆڵینەوەی وردتر بۆ رووداوی کیانلەدەستدانی ئامانج و هاوسەر و منداڵەکەی بکرێت
ئەمڕۆ شەموو 19ی تشرینی یەكەم، هونەر ئیحسان جێگری بەڕێوەبەری كەناڵی ئێن ئار تی بە "وشە"ی راگەیاند، لەدەستدانی هاوكارمان رۆژنامەنووس ئامانج محەمەد بە كەلێنێكی گەورە دەزانین و رۆژی چوارشەمی ئەم هەفتەیە بەرنامەیەكی تۆماركراوی پەخش دەكرێت كە بەهۆی رووداوەكانی كوردستانی رۆژئاوەوە راگیرابوو.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی رووداوەكە، بڕیاری دزگا تەناهییەكانمان بە بڕیاری كۆتایی وەرنەگرتووە لەبارەی چۆنێتی گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەكەی، پێمان وایە ماویەتی و دەبێت لێكۆڵینەوەی زیاتری لێ بكرێت.

تا ئێستە رای گشتی كوردستان لەبارەی كوژرانی ئەو رۆژنامەنووسە و هاوسەر و منداڵەكەی بێ متمانەییەكی قووڵی پێوە دیارە و پێیان وایە روونكردنەوەی دەزگا تەناهییەكان پەلەی تێدا كراوە و زۆر لە كەسایەتی و ئەندام پەرلەمانەكانی كوردستان ئەو لێدوانانەی پۆلیسیان بە پەردەپۆشكردنی رووداوە راستەقینەكە ناو بردووە.

وەرنەگرتنی بڕیاری كۆتایی دزگا تەناهییەكانی سلێمانی لەلایەن دامەزراوەی میدیای نالیاوە لە كاتێكدایە كە پۆلیسی سلێمانی رووداوەكەی بەخۆكوژی ناو بردووە.

شەوی 15ی ئۆكتۆبەر لەشاری سلێمانی تەرمی هەریەك لە ئامانج بابانی رۆژنامەنووس و لانە محەمەد ی هاوژینی و منداڵەكەیان لە ناو ئۆتۆمبێلێكدا بە كوژراوی دۆزرایەوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی

 



وشە - هیدایه‌ت جان