نەتەوە یەكگرتووەكان بەدواداچوون لەسەر بەكارهێنانی چەكی فسفۆڕ لە رۆژئاوا دەكات

:: PM:03:11:19/10/2019 ‌
دوای ئەوەی هەسەدە رای گەیاند كە سوپای توركیا چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی بەتایبەت فسفۆڕی بەكارهێناوە، لێكۆڵەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی  زانیاری كردووە. رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی دەڵێ، زانیارییان لەسەر رەوشەكە هەیە و ئەگەری هەیە چەكی كیمیایی بەكار هاتبێت.

ئەمڕۆ شەموو19ی تشرینی یەكەم، لێكۆڵەرانی  چەكی كیمیایی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایان گەیاند، دەستیان كردووە بە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن سوپای توركیا، دوای ئەوەی لەلایەن هەسەدە تۆمەتبار كران.

رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی (OPCW) لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە كە ئاگاداریان لەسەر رەوشەكە هەیە و دەستیان كردووە بە كۆ كردنەوەی زانیاری پێوەندار بە ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی.

هاتنە سەر خەتی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان، دوای ئەوە دێت مانگی سووری كوردی لە بەیاننامەیەكدا سووتانی شەش منداڵی راگەیاند كە بەهۆی چەكی نەناسراو سووتاون و بۆ نەخۆشخانەی حەسەكە گوزراونەتەوە، یەكێكیش بۆ وەرگرتنی چارەسەری گەیەنراوەتە هەولێر. 
شارەزایەكی بەریتانی چەكی كیمیایی، دەڵێ ئەگەری هەیە بەهۆی بە كیمیایی سووتابێت


رێكخراوەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ، هێشتا ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە چەكی كیمیایی بەكار هێنراوە، بەڵام لەگەڵ
"هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانمان كار دەكەین و بەدواداچوون دەكەین". 

شارەزایەكی بەریتانی چەكی كیمیایی، وێنەی ئەو منداڵەی كە هەموو گیانی زۆر بە سەختی دووچاری خورشت بووە بڵاو كردەوە، دەڵێ ئەگەری هەیە بەهۆی بە كیمیایی سووتابێت.

هامیش دی بریتون جۆردون سەركردەی پێشتری فەوجی كیمیایی و بایۆلۆجی و تیشك و ناوكی لە بەریتانیا دەڵێ، ئەوەی كە زۆر گومانەكان پشتڕاست دەكاتەوە ئەوەیە، ئەگەری زۆرە فسفۆڕی سپی بەكار هێنرابێت، ئەو جۆرە چەكەش، چەكێكی زۆر باوە و لە زۆرینەی جەنگە ناوخۆییەكانی سووریا بەكار هێنراوە و "بەداخەوە ئێستە بەكارهێنانی بووەتە ئاسایی". 

 بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، هەموو سوپاكانی دنیا بڕێكی زۆر چەكی فسفۆڕی سپییان هەیە و لە كاتی جەنگەكانیشدا بەشێوەیەكی یاسایی بەكاری دەهێنن وەك چەكێكی دووكەڵی لە رۆژدا كە وەك هەوڵێك بۆ كردنەوەی ئاگر بە مەبەستی رووناكی لە شەواندا، دەڵێ، بەڵام بەكارهێنانی دژ بە هاووڵاتییانی سڤیل رێپێدراو نییە، چونكە دەبێتە هۆی سووتانێكی مەترسیدار و زۆر بە ئازار لەو كاتەی دەست لە پێستەكە دەدەیت.

رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی دەڵێ، هێشتا ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە سوپای توركیا چەكی فسفۆڕی سپی بەكارهێناوە یان نا، بەڵام وەك رێكخرا بەردەوام دەبین لە چاودێری دۆخەكە.

جێی بیرخستنەوەیە لە 10 رۆژی رابردووی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، بەپێی بەیاننامەكانی مانگی سووری كوردی بێت ئەوا دەوڵەتی توركیا چەكی قەدەغەكراوی لە رۆژئاوای كوردستان دژ بە هاووڵاتیانی سڤیل بەكار هێناوە.



وشە - فه‌رمان سادق