هەسەدە ئاماری 24 سەعاتی رابردووی بڵاو كردەوە.. توركیا پابەندی ئاگربەست نەبووە

:: PM:03:29:19/10/2019 ‌
ئەگەرچی بڕیاری وەستانی جەنگ بۆ ماوەی 120 سەعات دراوە، بەڵام هەسەدە دەڵێ، سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، بەردەوامن لە كردنە ئامانجی ناوچە سنوورییەكان بە تایبەت سەرێ كانی، شەڕڤانانیش وەڵامی هێرشەكانیان داوەتەوە وەك مافی بەرگری لە خۆكردن.
 
كەمێك پێش ئێستە ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە (هێزەكانی سووریای دیموكرات) لە بەیاننامەیەكدا بۆ رای گشتی كە دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژەی بە رووداوەكانی 24 سەعاتی رابردووی بەرەكانی جەنگ كردووە، 18 سەربازی سوپای توركیا كوژراون و 25 شەڕڤانیش شەهید بوونە.

سەرێ كانی 
دوای راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و توركیا بۆ راگرتنی شەڕ و ئاگربەست بۆ ماوەی 24 سەعات، بە قسەی هەسەدە بێت هێشتا سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی هێزی ئیسلامی سووری سەر بە توركیا بەردەوامن لە هێرشكردنە سەر سەرێ كانی بە چەكی قورس و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ و زریپۆش، بە مەبەستی داگیركردنی گەڕەكەكانی ناو سەرێ كانی. لە چوارچێوەی مافی بەرگریكردن لە خۆمان وەك مافێكی رەوا، شەڕڤانان وەڵامی هێرشەكانیان داوەتەوە و 13 تیرۆریست كوژراون و سێی تریش بریندار كراون و سێ ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕیش تێكشكێنراون.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، تا نووسینی ئەو راپۆرتە هێشتا شەڕ بەردەوامە لە میحوەری زركان كە سوپای توركیا هەوڵی پێشڕەوی دەدات بە ئاراستەی گوندەكە و داگیركردنی، ئەمەش بە پاڵشتی بۆردومانی فڕۆكەی جەنگی و تۆپهاوێژەكان، بەهۆی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی لەشكركێشی سوپای توركیا، لە سەرێ كانی 12 شەڕڤان شەهید و 12ی تریش بریندارن. 
 
18 سەربازی سوپای تورك و هێزە تیرۆریستەكان كوژراون


قامیشلۆ
شەوی رابردوو سوپای توركیا تۆپبارانی ناوەندی شاری قامیشلۆی كردووە و بەهۆیەوە شەڕڤانێك شەهید و چواری تریش بریندار بوون، لە بەرپەرچ دانەوەشدا لەلایەن شەڕڤانان، ئەمبارێكی یەدەگی چەكی سوپای توركیا تەقیوەتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە چەند سەرباز كوژراون یان بریندار بوونە.

كۆبانی
لە كۆبانێ گرووپێكی هێزی سوپای ئیسلامی سووری سەر بە توركیا، هەوڵیان داوە دزە بكەن و خۆیان نزیك بكەنەوە لە بەرەكانی جەنگ، بەلایەن شەڕڤانان لێیان دراون و ئۆتۆمبێلە سەربازییەكەیان تێكشكێنراوە و ژمارەیەكی زۆریش لە چەكدارانیان كوژراون، ئەمەش وایكرد ئەو هێزە پاشەكشە بكات.

لە كۆی گشتی بەرەكانی جەنگ لە سەرێ كانی و كۆبانێ، 18 سەربازی سوپای توركیا و هێزە تیرۆریستەكانی سەر بە توركیا كوژراون و ژمارەیەكیش بریندارن، لە بەرانبەریشدا 25 شەڕڤان شەهید و 17ی تریش بریندارن. 

هەسەدە دەڵێ، دوای راگەیاندنی ئاگربەست تەواوی چالاكییە سەربازییەكانیان دژ بە سوپای توركیا راگرتووە و لە پێگەكانی خۆیان تەنیا بەرگری دەكەن، بەڵام سوپای توركیا پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە و بەردەوامە لە پێشڕەوی. 



وشە - فه‌رمان سادق