گەمارۆی سەر سەرێ كانی شكێنرا

بۆردومانی توركیا بۆ سەر نەخۆشخانەی سەرێ كانی
:: PM:07:12:19/10/2019 ‌
دواجار ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی مانگ و خاچی سوور، توانیان گەمارۆی سەر سەرێ كانی بشكێنن بۆ رزگاركردنی گیانی بریندارانی ئەو شارە كە لەلایەن سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانەوە گەمارۆ درابوون.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو 19ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی مانگی سووری كوردی و خاچی سوور گەیشتنە ناو شارۆكەی سەرێ كانی و نەخۆشخانەی شارەكە بۆ گواستنەوەی بریندارانی لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی بێت كە مانگی سووری كوردی لە رۆژئاوای كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی پزیشكی لە تل تەمەرەوە بەرەو سەرێ كانی بەڕێ كەوتن و توانیویانە خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانەی شارەكە.
مانگی سووری كوردی دەڵێ، لە بەردەوامی هەوڵەكان بۆ رزگاركردنی برینداران و كۆمەكردنی خەڵكی شارەكە، توانیویانە لە هەنگاوی یەكەمدا گەمارۆی سەر سەرێ كانی بشكێنن و تەواوی بریندارانیش رزگار بكەن.

مانگی سوور و خاچی سوور گەمارۆی سەر سەرێ كانی دەشكێنن و برینداران رزگار دەكەن


مانگی سووری كوردی، ئاماژەی بە ژمارەی برینداران نەداوە كە ژمارەیان چەندن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان تا ئێستە 37 بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی تل تەمەر.

ماوەی چەند رۆژێكە سەرێ كانی لەلایەن سوپای داگیركاری توركیا و هێزەكانی ئیسلامی سووری سەر بە توركیا گەمارۆ دراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی سڤیل لە شارۆكەكە ماون.

جەمیلە حەمی یەكێك لە كارمەندانی مانگی سووری كوردی دەڵێ، شەوی رابردوو هەوڵی زۆریانداوە خۆیان بگەیننە سەرێ كانی، بەڵام لەلایەن هێزەكانی سەر بە توركیا كراونەتە ئامانج، ئەمەش ناچاری كردوون كە بگەڕێنەوە، گوتی "داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەم رێڕەوێكی مرۆیی بكاتەوە بۆ رزگاركردنی برینداران و خەڵكی شارەكە".
جێی باسە بەپێی ئامارێكی مانگی سووری كوردی بێت لە ماوەی 11 رۆژی لەشكركێشی سوپای داگیركاری توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، تا ئێستە 235 هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە كە 22ـیان منداڵن، هاوكات 677 برینداری سڤیلیش هەیە.



وشە - فه‌رمان سادق