ژاوێن شاڵی: نووسین تاكە شتە دڵخۆشم دەكات

:: AM:09:02:20/10/2019 ‌

شاعیر و ڕۆژنامەنووس ژاوێن شاڵی /32 ساڵ/ لەدایكبووی سلێمانی، ماوەی سێ ساڵە لە ئەمەریكا دەژی. خاوەن چوار كتێبی چاپكراوە لە بوارەكانی شیعر و ڕۆژنامەوانی. لەم دیمانەیەی "وشە"دا كۆمەڵێك لایەنی ژیان و نووسینی ئاشكرا دەكات.

خوێندنەوەی زۆر یان ئەزموونی زۆر؟

ئەزموونی زۆر بە ئەندازەی خوێندنەوەی زۆر مرۆڤ كامڵ دەكات، بۆیە دەڵێم ئەزموون و خوێندنەوەی زۆر.

عەشق یان هاوڕێیەتی؟

عەشق.

كوردستان یان دەرەوەی وڵات؟

كوردستان نیشتمانمە، دەرەوەی وڵاتیش وێستگەیەكی گرنگی ژیانمە. بۆ ئێستەم دەرەوەی وڵات.

گۆشەگیریی یان تێكەڵبوون؟

من بەشێك لە هەردووكیانم تێدایە، بەڵام زیاتر بەلای گۆشەگیرییەوەم.

موزیك یان سینەما چێژێكی زیاترت پێ دەدەن؟

هەردووكیان زۆر نزیكن لێمەوە، بەڵام زیاتر چێژ لە سینەما وەردەگرم.

حەزت دەكرد ببیت بە چی كە نەتتوانیوە یا ڕێك نەكەوتووە؟

خەونێكی لەمێژینە و بەدەستنەهاتووی من ئەوە بوو كە سینەماكار و ئەكتەری سینەما بوومایە.

چی دڵخۆشت دەكات، چی خەمبار؟

نووسین تاكە دڵخۆشی منە لەم ژیانە. ئەوانەیشی خەمبارم دەكەن زۆرن، بە نموونە غەدر و دووڕوویی مرۆڤ.

ئەو زمانانەی پێت خۆش بوو بیانزانی؟

فڕەنسی، ئیسپانی، فارسی.

پیاوێكی جوان و نەزان یاخۆ ژیر و ناشیرین؟

جوانی لای من زۆر گرنگ نییە كاتێك عاشق دەبم، بۆیە لە نێوان ئەو دوو بژاردەیەی تۆ هیچیان، ئەو مرۆڤەی خۆمی تێدا دەبینمەوە، ئیتر لەوانەیە جوان و ژیریش بێ، یان ناشیرین و زاناش بێ. نازانم.

سێ فەیلەسووف، بیرمەندی دڵخوازت؟

سارتەر، هیگڵ، ڕامین جەهانبەگلوو.

سێ شاعیری دڵخوازت؟

ڕیچارد براوتیگان، ئەدۆنیس، شكسپیر.

سێ ڕۆماننووس، چیرۆكنووسی دڵخوازت؟

هەمەنگوای، چیخۆف، كاروان عومەر كاكەسوور.


ناوی چەند كتێبێك كە هەردەم لە خەیاڵتن؟

عەشق لە سەردەمی كۆلێرادا، كاتژمێر بیست و پێنج، ماڵئاوایی لە چەك.

لە كۆتادا، ژیان یان مەرگ؟ 

ژیان.

وشە/ دیمانە – ژیار ئەسوەد





وشە - وشه‌