سه‌رۆكی پێشووی سی ئای ئه‌ی: تره‌مپ ئه‌مه‌ریكای به‌رانبه‌ر كورد شه‌رمه‌زار كرد

:: AM:07:01:22/10/2019 ‌
دێڤد پترایۆس سه‌رۆكی پێشووی ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا ڕای گه‌یاند، كه‌ حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا و دۆناڵد تره‌مپ خیانه‌تیان له‌ گه‌لی كورد كرد، كه‌ باشترین و به‌هێزترین هاوپه‌یمانی ئێمه‌ بوون له‌ شه‌ڕی داعش.

پترایۆس به‌ توندی ڕه‌خنه‌ی له‌ بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دۆناڵد تره‌مپ گرت، به‌ هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز بۆ هێرشی توركیا بۆ سه‌ر كورد و كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
كورده‌كان باشترین هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكان و ده‌سبه‌رداربوونیان خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه‌
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كورده‌كان هاوپه‌یمانێكی دڵسۆز و جێی متمانه‌ی ئێمه‌ بوون، زیاتر له‌ 10 هه‌زار له‌ هێزه‌كانیان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر ته‌نیا له‌ سووریا بوونه‌ قوربانی، له‌و كاته‌ی ڕووبه‌ڕووی چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بووینه‌وه‌، به‌ڵام ئێسته‌ واشنتن ده‌سبه‌رداریان بووه‌ و له‌به‌رده‌م هێرشی توركه‌كان به‌ ته‌نیا جێی هێشتوون.

سه‌رۆكی پێشووی ئاژانسی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و چوونی توركیا بۆ ناوچه‌كه‌، جه‌نگێكی بێ كۆتایی دروست ده‌كات، ئه‌و ڕێككه‌وتن و به‌ڵێنانه‌ی دراون، ناتوانن گرژییه‌كان كۆتایی پێ بهێنن، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ په‌ره‌ ده‌ستێنێته‌وه‌ و ئاڵۆزی یه‌كجار گه‌وره‌ دروست ده‌بێت، ئه‌مه‌یش ده‌رفه‌تێكی زۆر گه‌وره‌ به‌ تیرۆریستان ده‌به‌خشێ تا خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه‌ و له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان بڵاو ببنه‌وه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د

ئه‌م بابه‌ته 743 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌