به‌ هه‌وڵی سه‌رۆك بارزانی محه‌مه‌د ره‌وانه‌ی فڕه‌نسا ده‌كرێت

:: AM:09:31:22/10/2019 ‌
بڕیارە محەمەد حەمید ئەو منداڵەی بەهۆی چەكی قەدەغەكراو لە ڕۆژئاوای كوردستان جەستەی سووتاوە ئەمڕۆ بۆ فڕەنسا بەڕێ‌ بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی تشرینی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" محەمەد حەمید منداڵە بریندارەكەی رۆژئاوای كوردستان، بە هەوڵی سەرۆك مەسعوود بارزانی بۆ چارەسەر رەوانەی فرەنسا دەكرێت.

محەمەد حەمید یەكێكە لە بریندارانی رۆژئاوای كوردستان كە بەهۆی تۆپباران و بۆردمانی سوپای توركیا بریندار بوو، گومانی ئەوەی لێ دەكرێت بە چەكی قەدەغەكراو لە رۆژئاوای كوردستان بریندار كرابێت، لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكانیش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكانیش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە
دوێنێ‌ پێگەی بارزانی بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆك بارزانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیی بە حەمید محەمەد باوكی ئەو منداڵەی ڕۆژئاواوە كرد كە بەهۆی بۆمبارانەوە لە ڕۆژئاوا بەشی زۆری جەستەی سووتاوە و بۆ چارەسەر گوازراوەتەوە نەخۆشخانەیەكی دهۆك.

زیاتر روون كراوەتەوە، سەرۆك بارزانی لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا لەگەڵ باوكی محەمەد، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، ڕای گەیاند كە هەرچی پێویست بێت بۆ چارەسەری محەمەد درێغی ناكەن.

محەمەد ئەو منداڵە بوو كە بەهۆی بۆردمانەكانی توركیاوە تووشی سووتانی جەستە بوو و هاوارەكانی محەمەد سەرنجی سەرجەم میدیاكانی جیهانی بەلای دۆخی رۆژئاوادا راكێشا، گومانی ئەوە لەلایەن میدیا و ناوەندە مرۆییەكانەوە دروست بوو كە چەكی قەدەغەكراو لە رۆژئاوا بەكار هاتووە.
 



وشە - رامیار جەواد