داوا لە هاووڵاتییان دەكرێت ئامادەكاری بكەن بۆ پاراستنی خۆیان

:: AM:09:44:22/10/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات و داوایان لێ‌ دەكات لە كاتی دروستبوونی لافاو چەند ڕێنوێنییەك هەیە لەبەرچاوی بگرن.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی تشرینی یەكەم، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر هاتووە، لە رۆژانی داهاتوودا شەپۆلی بارانبارین روو لە هەرێمی كوردستان دەكات بۆ سەلامەتی و پاراستنی سەروماڵی خۆتان و هەموو لایەك وەك پلانی پێشوەختە بە پێویست دەزانرێ كە ئەگەر لافاو ڕووی دا رەچاوی ئەو خاڵانەی بكەن:

پێویستە كەلوپەل و خواردەمەنییەكانیان ببەنە نهۆمی سەرەوە یان شوێنێكی بەرز بەمەش ئەگەری پاراستنی زیاتری دەبێت 
یەكەم/ سوود لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەرگرن كە پێشوەختە پێشبینییەكانی بارانبارین و ئەگەری لافاو بڵاو دەكەنەوە، هەوڵ بدەن ئامادەكاریەكانتان لە ڕۆژدا بێت، چونكە لە شەودا كاتی زیاتری دەوێ.

دووەم/ ئەو ماڵانەی كە زیاتر شوێنەكانیان ئاوگرە و ساڵانی پێشتر دووچاری ئەم بارە هاتوون، پێویستە كەلوپەل و خواردەمەنییەكانیان ببەنە نهۆمی سەرەوە یان شوێنێكی بەرز بەمەش ئەگەری پاراستنی زیاتری دەبێت.

سێیەم/ دڵنیا ببنەوە لەوەی كە زێرابی ماڵ و كۆڵانەكانتان نەگیراون، چونكە دەبێتە هۆی پەنگخواردنەوەی ئاوی لافاوەكە و دواجار پیسی ناو زێرابەكە دەگەڕێنێتەوە ناو ماڵ و بارەكە ئاڵۆزتر دەكات.

چوارەم/ هەوڵ بدەن لەو كاتەدا ئەندامانی خێزان هەموو لەماڵەوە لەگەڵ یەكتربن بۆ ئەوەی سەرۆك خێزان سەرقاڵی بەدواداگەڕان و دۆزینەوەی تاكەكانی خێزانەكەی نەبێ دەشێ بەو نەچوونە دەرەوەتان لەماڵ ببێتە هۆی زووتر رزگاركردنی سەروماڵی هاونیشتمانییان بەوەی ڕێیەكەتان چۆڵ كردووە تا پیاوانی بەرگری شارستانی بەهانای خەڵكەوە بچن.

پێنجشەم/ هەوڵ بدەن ئۆتۆمبێلەكانتان لەژێر كەپر و لە ژێر دار و درەخت و لە تەك دارتەل (عاموود) ی كارەبا ڕامەگڕن، چونكە لە نیشانە بەهێزەكانی بارانی بە خوڕ و لافاو ڕەشەبایە و هەورە تریشقەیە.

شەشەم/ ئەگەر لافاوەكە دروست بوو وەك پێشبینی دەكرا، ئەوا بێ شڵەژان و بە هۆشیاری سەرچاوەی كارەبا و گازی سروشتی بكوژێنەوە، ئاگەداربە بە هیچ جۆرێك دەستكاری هیچ خاڵێكی كارەبایی مەكە كە كوژابێتەوەش دەشێ شۆرتی كردبێ و كارەساتی لێ بكەوێتەوە.

حەوتەم/ ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێل بوویت هەوڵ بدە بەو رێیانەدا بڕۆیت كە شارەزایت و مەچووە ئەو ڕێیە كە ژێر ئاو كەوتووە، چونكە لەو كاتانەدا قووڵایی ئاوەكە روون نییە. ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەت كوژایەوە ئەوا زوو جێی بێڵە، چونكە شەپۆلی ئاو دەشێ وەریبگێڕێ یان لەژێر كۆنترۆڵی تۆ دەربچێ و بەرەو رێڕەوی ئاوەكە بخزێ.

هەشتەم/  لەو رۆژەدا هەوڵ مەدە وێنە و ڤیدیۆی لافاوەكە بگریت و بڵاوی كەیتەوە، یا كە پردێك یان بەربەستێك كەوتووەتە بەر شەپۆلی ئاو هەوڵ مەدە لە لێواری سێڵفی بگریت و روونكردنەوە بدەیت، چونكە لەهەر كاتێكدابێت دەشێ هەرەس بێنێت.

نۆیەم/ لەهەر بارێكی نەخوازراو پێوەندیمان پێوە بكەن لەڕێی ژمارەكانی (۱۱٥) وە (۱۲٥) ، ئێمە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لە تیمەكانی شارەوانی و پۆلیسی فریاكەوتن بەهاناتانەوە دێین .



وشە - رامیار جەواد