ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی لای فەرمانگەی ژینگە 11% و لای باخچەكانی سلێمانی 16%یە

:: AM:10:14:22/10/2019 ‌

لە سلێمانی 565 باخچە و پارك هەن

ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی لای فەرمانگەی ژینگە 11%یە و لای باخچەكانی سلێمانی 16%یە، بە پێوەری یەكێكیان رێژەكە لە سەرووی ستانداردی جیهانییەوەیە و گومان لە راستیەكەی دەكرێ. بەرپرسانی ئەو شارە رای دەگەیەنن، سەتان پارچە زەوی لە شارەكەدا هەن شایانی ئەوەن بكرێن بە سەوزایی، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجە ناتوانن.

لە كوردستان پێش بیست ساڵ هیچ زانیارییەك لەبارەی سەوزایی و رێژەكەی نەبوو، بەڵام لەوەو دوا دەست بە دروستكردنی باخچە و پاركی گەورە و چاندنی دار كرا. بەڵام هێشتا پێوەرەكان زانستی نین بۆ نزیكبوونەوە لە ستاندارد.

سوبحان حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، سەوزایی و سەوزكردن لە سلێمانی دابەش بووە بەسەر دوو ڕێژە، ڕێژەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانە كە خۆیان دیارییان كردووە و دەیانەوێ لەبەر خۆیان ڕێژەكە بە زۆر لە قەڵەم بدەن، ئەگەر بەگوێرەی ئەو ڕێژەیەی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی بێت، ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی لە سەرووی ستانداری جیهانییەوەیە كە 16%ی تێپەڕ كردووە، بەڵام ڕێژەكە لای فەرمانگەی ژینگە بە جۆرێكی ترە.

بەگوتەی سوبحان، بەپێی ئەو ڕێژەیەی لای فەرمانگەكەی ئەوانە، ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی كەمترە لە 11% و نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداری جیهانی كە لە سەرووی 15%یە.

ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ڕێژەی سەوزایی بە دروستكردنی پارك و باخچەكان زیاد دەكات، لە ژینگەی سلێمانی زیاتر كار لەسەر دەوروبەری سلێمانی و سەوزكردنی سنووری كارگەكان دەكەن، بەپێی ئەو مەرج و ڕێنوێنییانەی كە بۆ كارگەكان دانراوە.

"لە بەرانبەر دروستكردنی كارگەكان لە دەرەوەی شار بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی زیاد بكرێت، ئەگەر كارگەیەك شوێنی بۆ سەوزكردن نەبوو، دەبێت پڕۆژە لە بری سەوزكردن جێبەجێ بكات، ئەویش چەند كارگەیەك كۆ دەبنەوە و لە ڕێی ژینگە و باخچەكانی سلێمانی پێكەوە باخچەیەكی بچووك دروست دەكەن لە گەڕەك و كۆڵانەكان لە بەرانبەر سەوزكردنی سنووری كارگەكەیان، ئەوەش لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو جێبەجێ كراوە، چەند باخچەیەك بەو شێوەیە دروست كراون." سوبحان وای گوت،

وەك ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێ، ژینگەی سلێمانی ساڵانە لە مانگی شوبات و تشرینی دووەم دەست بە دابەشكردن و پڕۆژەی سەوزكردن دەكات لە ڕێی دابەشكردنی نەمام بەسەر ماڵ و شوێنەكاندا، ئەوەش زیاتر لە دەرەوەی شار جێبەجێ دەكرێت، دواتر لیژنەیەك بەدواداچوون دەكات بۆ ئەوەی بزانرێت نەمامەكان تا چەند چێنراون لەلایەن هاووڵاتییانەوە. 

بەڵام هاوژین عوسمان بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی لە سەرووی ستانداردی جیهانییەوەیە و ٪16.5یە، لە كاتێكدا ستانداردی سەوزایی 15%یە و ساڵانەیش بەردەوامن لە سەوزكردن و چاندنی نەمام لە كۆڵان و شەقام و شوێنەكان.

لە سلێمانی 565 باخچە و پاركی گەورە و بچووك هەن، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوویش بەهۆی تەنگژەی دارایی، نەتوانراوە وەك پێویست باخچە دروست بكرێت و تەواوی كۆڵان و گەڕەكەكان شوێنی باخچەیان بۆ كراوە، بەڵام ئێستە هەر ماڵە و بەردەمی خۆی سەوز كردووە و وەك پڕۆژە لەلایەن باخچەكان و شارەوانی جێبەجێ نەكراوە كە ژمارەیان دەگاتە سەتان باخچە.

ئەو سوزاییەی لە بەردەم ماڵان یان زەوی بۆشایی بەرانبەر ماڵ هەیە، رێك نەخراوە و دەستی بەسەردا گیراوە و بۆ بەرژەوەندی كەسیی بەكار دێت، لە كاتێكدا ئەوانە زەوی گشتیین و ئاوی زۆریش بەفیڕۆ دەدەن.

هاوژین عوسمان باسی لەوەش كرد، بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی خزمەتی زیاتر لە سێ ملیۆن دار لە باخچە و پارك و بلوارەكان دەكات، بەڵام دروستكردنی پاركی نوێ و باخچە دەكەوێتە سەر دابینكردنی بودجە، چونكە بە سەتان باخچە دەرخستەیان هەیە لە كۆڵان و گەڕەكەكان، بەڵام پێویستمان بە پارەیە.
ئەمساڵ لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار داری تر دەڕوێنین

"ئەمساڵ لە نێوان 10 بۆ 1 5 هەزار داری تر دەڕوێنین، بەڵام تەنگژەی دارایی گرفتی دروست كرد بۆ چاندنی دار، چونكە تا ساڵی 2013 هەموو ساڵێك سەرووی 200 هەزار نەمام دەهاتنە چاندن، بەڵام لە دوای ئەو دۆخەوە ساڵانە كەمی كردووە و ساڵی رابردوو 17 هەزار دارمان ڕواند و پێنج هەزار داریش وەك دیاری دراون بە ماڵان بۆ چاندن" هاوژین وای گوت.

بە بۆچوونی ئەو، لە تەواوی گەڕەك و كۆڵانەكان باخچە و پارك پێویستن و زیاتر لە 10 هەزار واژوو لەلایەن هاووڵاتییانی گەڕەك و كۆڵانە جیاوازەكانەوە بە دەستیان گەیشتووە، لە هەر كۆڵانێكدا 50 هاووڵاتی واژوویان كۆ كردووەتەوە و داوای دروستكردنی پارك و باخچەی بچووكیان كردووە. ئاماژەی دا "ئێمە تەنیا دەرخستەی بۆ دەكەین و ڕەوانەی شارەوانی و دارایی دەكەین، ئەگەر پارە هەبوو جێبەجێ دەكرێت".

هاوكات ئاكۆ عەلی جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوەی پێوەستە بە شارەوانیی سلێمانی، جێبەجێكردنی مەرج و ڕێنوێنییەكانە لەسەر ئەو هاووڵاتییانەی خانووی نوێ دروست دەكەن، مەرجە هەر كەسێك خانوو دروست دەكات، دوو دار لە بەردەم ماڵەكەی بڕوێنێ، بەڵام لە دروستكردنی باخچە و پارك ئێستە توانای دروستكردنمان نییە و هەموو پڕۆژەی باخچەكان ڕاگیراون.

هۆی ئەوەی گەڕەكە میلییەكان ڕێژەی سەوزاییان كەمە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ڕابردوو بە جۆرێك كراون شوێنی پارك و باخچەیان نییە، گەڕەكێكی وەك سابوونكەران تەنیا خانوو و شوێنی پێڕۆی هەیە، جیاواز لە گەڕەكە نوێیەكان كە فراوانن و شوێنی باخچە و پاركیان بۆ دەستنیشان كراوە.

بە بۆچوونی جێگری سەرۆكی شارەوانی، سەتان پارچە زەوی لە سلێمانی دانراون بۆ سەوزكردن و باخچە، بەڵام لە رووی داراییەوە توانای ئەوەیان نییە بیانكەن بە سەوزایی. ددانی بەوەشدا نا كە ئەگەر باخچەكەیش دروست بكەن، پێوستیان بە باخەوان دەبێت بۆ خزمەتكردن، ئەوەش كێشەیە لە دۆخێكدا كە دامەزراندن نییە.

وشە/بەدواداچوونی هۆشیار عەلی





وشە - وشه‌